فوئاد حسێن: پێویسته چاو به پرۆژه‌یاسای بودجه‌دا بخشێندرێته‌وه
وێستگه نیوز -
فوئاد حوسێن، وه‌ك وه‌زیری نوێی دارایی عێراق ده‌ستبه‌كاربوو و رایگه‌یاند كه پێویسته چاو به پرۆژه یاسای بودجه‌ی فیدرالیدا بخشێندرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق، فوئاد حسێن، كه كاندیدی پارتی بوو بۆ ئه‌و پۆسته، به ئاماده‌بوونی بریكاری وه‌زاره‌ت و پشكنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان له به‌غدا، ئه‌ركه‌كانی وه‌كو وه‌زیری نوێی دارایی عیراق وه‌رگرت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زیری نوێی دارایی رایگه‌یاند كه "شێوازێكی نوێ په‌یڕه‌وده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی زیاتر به سیاسه‌تی ئابووری بده‌ین و رۆڵمان له قۆناغی بنیاتنانه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌بێت".
فوئاد حسێن ده‌ڵێت: "پێویسته ئه‌و سیاسه‌ته نوێیه له‌گه‌ڵ پلانی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی یه‌كبگرێته‌وه و سه‌رنجیش بخرێته سه‌ر سه‌رمایه‌ی مرۆیی به هه‌موو به‌شه په‌یوه‌ندیداره‌كانییه‌وه، هه‌ر له نه‌هێشتنی هه‌ژار و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری تا ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كان".
وه‌زیری دارایی عیراق جه‌ختیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "پێویسته چاو به پرۆژه یاسای بودجه‌ی فیدرالیدا بخشێندرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاراسته‌یه بگونجێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی و هاوسه‌نگ و شه‌فاف له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پیاده‌ده‌كات.
فوئاد حسێن جه‌ختیشی له گرنگی به‌دواداچوون بۆ پێداویستییه‌كانی سه‌رجه‌م پارێزگاكان به‌تایبه‌ت پارێزگای به‌سره كرده‌وه به‌وپێیه‌ی كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی ئابووری عیراقه.
PM:01:34:06/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 1748
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت