‌حەسەن رۆحانی‌: نەوت دەفرۆشین باجەکەی‌ هەرچیەک بێت
‌حەسەن رۆحانی‌

وێستگه‌ نیوز ـ
حەسەن رۆحانی‌ سەرۆک کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی‌ خۆی‌ لە سزاکانی‌ ئەمریکا دەرباز دەکات و تارانیش لە فرۆشتنی‌ نەوت و هەناردەکردنی‌ بەردەوام دەبێت.


حەسەن رۆحانی‌، لە میانی‌ کۆبوونەوەی‌ لەگەڵ بەڕێوەبەر و گەورە بەرپرسانی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ وڵاتەکەی‌ رایگەیاند،"ئێران نەوت دەفرۆشێت و هەناردەیشی‌ دەکات باجەکەی هەرچییەک بێت".

ئاماژەی‌ بەوەش کرد،"لە سزاکان دەرباز دەبن چونکە نا شەرعین و پاشەکشە لەو دروشم و بنەمایانە ناکەن کە 40 ساڵە هەڵیان گرتووە".

سەرۆک کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران روونی‌ کردوە، سزاکانی‌ ئەمریکا مەبەست لێیان لاوازکردنی‌ وڵاتەکەی‌  و بڵاوکردنەوەی‌ رەشبیینیە لەناو خەڵکەکەیدا، جەختیشیکردەوە،"یەکڕیزی‌ خەڵکی‌ ئێران کاریگەری‌ لەسەر سزاکانی‌ ئەمریکا دەبێت و گەلی‌ ئێران دەستبەرداری‌ دروشم و بنەماکانی‌ نابێت".

حەسەن رۆحانی‌ ئەوەشی‌ وت، حکومەتەکەی‌ قۆناغێکی‌ نوێی‌ ئابوری‌ دەست پێدەکات و واز لەسیاسەتی‌ ئابورییانەی‌ پێشوو دەهێنێت.

لە کاتژمێر هه‌شتی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی‌ دووەمی 2018، سزاکانی‌ ئەمریکا بۆ سەر کەرتە هەستیارەکانی ئابوری ئێران وبە تایبەت کەرتی وزە، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بەیاننامەکی کۆشکی سپی، سزاکان کەرتە هەستیارەکانی ئابوری ئێران دەکەنە ئامانج، وەکو وزە و هەناردەکردنی دەریایی و کەشتیسازی و کەرتەکانی دارایی.

زیاتر لە 700 کەسایەتی و دەزگا و کەشتی و فڕۆکە دەخرێنەوە نێو لیستی سزاکان، لەوانە بانکە گەورەکانی ئێران، کەرتەکانی هەناردەکردنی نەوت و کۆمپانیاکانی هەناردەکردن.

هــ. ر


AM:10:14:05/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 5384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌