قۆناغی دووه‌می سزاکانی‌ ئەمریکا بۆ سەر ئێران چوونە بواری جێبەجێکردنەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
لە کاتژمێر هه‌شتی به‌یانی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی تشرینی‌ دووەمی 2018، سزاکانی‌ ئەمریکا بۆ سەر کەرتە هەستیارەکانی ئابووری ئێران و بەتایبەت کەرتی وزە، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.


پێشتر کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە سەپاندنەوەی تەواوی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، ئەوانەی بەپـێی رێکكەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ تاران لابرابوون.

بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، سزاکان کەرتە هەستیارەکانی ئابووری ئێران دەکەنە ئامانج، وەک وزە و هەناردەکردنی دەریایی و کەشتیسازی و کەرتەکانی دارایی.

زیاتر لە 700 کەسایەتی و دەزگا و کەشتی و فڕۆکە دەخرێنەوە ناو لیستی سزاکان، لەوانە بانکە گەورەکانی ئێران، کەرتەکانی هەناردەکردنی نەوت و کۆمپانیاکانی هەناردەکردن.

هەروەها سزاکان مامەڵە دارایـیەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و دەزگا دارایـیەکانی ئێران دەکەنە ئامانج.

فرۆشتنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیـیەکان و دەرمان و ئامێر و کەلوپەلە تەندروستیـیەکان بە ئێران، وەک خۆیان دەمێننەوە کە سزاکان نایانگرێتەوە.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، سەپاندنەوەی سزاکان وەها دەکەن ئەو داهاتانە ببڕێن کە رژێم بەکاریان‌دەهێنێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکان و نانەوەی ناسەقامگیری لە جیهاندا و بەرنامەی ناوکی و موشەکی و دەوڵەمەندکردنی رێبەرانی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئیدارەکەی ترەمپ بە نیازە هەموو سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بە تەواوی جێبەجێ بکات، ئەوانەی هەوڵ بدەن سزاکان پـێشێلبکەن یان فرتوفێڵی بەسەردابکەن، ئەوا دەکرێنە ئامانج. ئەوانەی شکستدەهێنن لە راگرتنی ئەو کارانەی سزاکانی ئێران دەیانگرێتەوە، ئەوا دووچاری ئاکامی تونددەبنەوە".

ئیدارەکەی ترەمپ 19 بڕیاری سزادانی دەرکردووە و 168 کەسی پەیوەست بە ئێرانی دەستنیشانکردووە کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

ئەو کەسانە کراونەتە ئامانج بەهۆی پەیوەندیـیان بە، پشتیوانیکردنی ئێران لە تێرۆرزم، بەرنامە ناوکیـیەکە، پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوان و شتی دیکە.

هەناردەکانی نەوتی ئێران بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیانکردووە، زیاتر لە 20 وڵات هاوردەکانیان لە نەوتی ئێران کردووە بە سفر.

بەیاننامەکەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا لەو بارەیەوە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی "سزاکان بەڕێوەن لە 5ی تشرینی دووەمی 2018وە".

هاوکات ئەگەرچی سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە زۆرێک لە کۆمپانیا و وەبەرھێنەرە بیانییەکان ناچاردەکات مامەڵە و کارەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا رابگرن، بەڵام ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە نایەوێت سزاکان زیان بە ھاوپەیمانەکانی بگەیەنێت.

هــ. ر


AM:08:34:05/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 3072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو