به‌شیر حه‌داد: ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ نادرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت

‌به‌شیر حه‌داد، جێگری‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی عیراق دڵنیایی خۆی ده‌ربڕی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی 2019ی عیراق بۆ حكومه‌ت و رایگه‌یاند كه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ناكرێت.

به‌شیر حه‌داد، جێگری‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند: كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كڕیزی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بپارێزن و لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ زیاتر هه‌بێت و كاریگه‌رییان زیاتر بێت.

سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی گشتیی 2019 حكومه‌تی عیراق كه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، به‌شیر حه‌داد وتی‌: دڵنیام ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ناكرێت. فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ حكومه‌ت.

وتیشی بودجه‌كه‌ زۆر نادادپه‌روه‌ری‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد تێدایه‌، له‌وانه‌: رێژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ و ناوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ نه‌هێناوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ وه‌ك پارێزگا نه‌ناساندوه‌ وهیچی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ تێدا نییه‌، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ كوتله‌یه‌كی‌ شیعه‌ و سوننه‌ش رازی‌ نین به‌ تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ به‌و جۆره‌.

به‌وته‌ی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ده‌كرێت، لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان تاوتوێی‌ ده‌كه‌ن و له‌ لیژنه‌كاندا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌درێت پرۆژه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت.

له‌ باره‌ی‌ پشكی‌ كورد له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا، به‌شیر حه‌داد وتی‌: تا ئێستا ئه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ له‌سه‌ر كراوه‌، كورد سێ وه‌زاره‌تی‌ به‌ركه‌وتووه،  دوو وه‌زاره‌تیان راگه‌یه‌ندراوه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ و نیشته‌جێكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه،  یه‌ك وه‌زاره‌ت له‌ پشكی‌ كورد ماوه‌، ئه‌ویش وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌رانه‌، هێشتا له‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌ یه‌كلایان نه‌كردووه‌ته‌وه‌،  قسه‌ و باسێكی‌ نا ره‌سمیش هه‌یه‌، ده‌وترێت ره‌نگه‌ وه‌زاره‌تێكی‌ دیكه‌ بۆ كورد زیاد بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ كه‌ركوك، به‌شیر حه‌داد ئاشكرایكرد: پێش ماوه‌یه‌ك پڕۆژه‌ بڕیارێك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرا بۆ لابردنی‌ خاڵی‌ گومرگی‌ نێوان پارێزگاكان، به‌ڵام به‌ هۆی‌ سه‌رقاڵیی به‌ پرسی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ باس نه‌كراوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ دانیشتنه‌كانی‌ داهاتوو، بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت. 

وتیشی: كێشه‌یه‌كی‌ مرۆیی‌ گه‌وره‌ له‌ كه‌ركووك له‌ ئارادایه‌ و زیاتر له‌ 150 هه‌زار هاووڵاتی‌ ئاواره‌ن و ده‌یان كه‌س ده‌ستگیركراوه‌ و كێشه‌ی‌ زه‌وی‌ و زاریش هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا و ده‌ستوردا ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌.


PM:10:10:04/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت