شاجوانی نوێی کوردستان هەڵدەبژێردرێت


وێستگە نیوز-

بڕیارە مانگی داهاتوو دوای دوو ساڵ لە هەڵنەبژاردنی، شاجوانێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت و مەرجەکانیش ئەوەیە کە تەنها خانمانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بەشدار بن.

پێگەی فەرمی شاجوانی کوردستان ئەمڕۆ، ١ی تشرینی دووەم فۆرمی کاندیدانی شاجوانی نوێی بڵاوکردەوە و ئەو کچانەی کە دەیانەوێت ببن بە شاجوان دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لە ژێر چاودێری دەستەی گەشتوگوزاردا دەبێت و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو کۆمپانیای بابیلۆن سەرپەرشتی دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وێستگە ئەوەی جیاوازە لە هەڵبژاردنی نوێی شاجواندا، ئەوەیە کە ئەمساڵ تەنها ڕێگە بە کچانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە ببنە شاجوان لە کاتێکدا پێشتر ئەو کچە کوردانەی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاش بوون دەیانتوانیی ببنە شاجوانی کوردستان.

ساڵی ٢٠١٢ هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان بۆ یەکەمجار ئەنجامدراو شێنێ عەزیز ئاکۆ وەک یەکەم شاجوانی کوردستان هەڵبژێردرا کە دانیشتووی وڵاتی نەرویج بوو، لەو کاتەشەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنها سێ شاجوان هەڵبژێردراوە.


PM:11:48:01/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو