بافڵ تاڵه‌بانی: شه‌ڕی ناوخۆی كورد روو ناداته‌وه
بافڵ تاڵه‌بانی
وه‌رگێڕانی: وێستگه نیوزـ رۆژگار عه‌لی
كه‌ناڵی جزیره‌ی ئینگلیزی چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕه گه‌وره‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌رۆك كۆماری كۆچكردوی عیراق سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عیراق سازكرد، ماریا پێتكۆڤا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه و دواتر سایتی جزیره‌ی ئینگیلیزی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌م جۆره بڵاوكردوه‌ته‌وه: "چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به دۆخی هه‌رێمی كوردستانی عیراق، ساڵێك دوای ریفراندۆمه شكستخواردوه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی".
كه‌ناڵی جزیره رایگه‌یاندوه كه چاوپێكه‌وتنێكه‌ی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی رۆژێك پێش راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 30ی ئه‌یلولی هه‌رێمی كوردستان سازكراوه.
ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه:
جزیره: بۆچی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عیراق له دوای هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه زۆری پێچوو؟
بافڵ تاڵه‌بانی: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی پێشوش بكرێت كه ئه‌نجامدراوه، هه‌میشه پرۆسه‌كه زۆری خایاندوه، گروپ و كوتله جیاجیان كێبڕكێیان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كان كردوه، ئه‌مه‌ش پێویستی به رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی بووه، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم پرۆسه‌كه زۆری خایاندبێت.
جزیره: ئه‌ی له‌نێوان ئێوه و پارتی دیموكراتی كوردستان دانوستان هه‌بوو؟
بافڵ تاڵه‌بانی: به‌ڵێ هه‌بوو
جزیره: وادیاربوو كه ناكۆكییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌بووبێت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: ناكۆكییه‌كی كه‌م هه‌بوو، به‌ڵام به‌و گه‌وره‌ییه نه‌بوو كه له میدیاكانه‌وه باس ده‌كرا، ئێمه وای ده‌بینین كاتی پێویست له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو بۆ بڕیاردان له‌وباره‌یه‌وه، ئێمه پێشتر رێككه‌وتنی ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌بوو، رێككه‌وتنه‌كه ئه‌وه بوو پارتی یان یه‌كێكمان- پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وی دیكه‌ش له به‌غدا پۆستی سه‌رۆك كۆماری هه‌بێت.
هه‌ڵپه‌ساردنی پۆسی سه‌رۆكی هه‌رێم دۆخه‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز كرد، كه پۆسته‌كه هه‌ڵپه‌سێردرا، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم درا به سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه، بۆیه بۆ ئێمه، وه‌ك یه‌كێتی، قورس بوو كه هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه له‌لای پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
ئه‌وه‌ی ویستمان بیكه‌ین ئه‌وه بوو كه بتوانین د.به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدی یه‌كێتی، بكه‌ین به كاندیدی هه‌موو پێكهاته‌ی كورد، به‌ڵام به‌داخه‌وه كاتی ته‌واو له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو بۆئه‌وه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بكرێت، بۆیه ئه‌وه‌ی رویدا ئه‌وه بوو كه هه‌ردوو حزبه‌كه گه‌یشتنه ئه‌و بڕیاره‌ی به دوو كاندیده‌وه بچنه به‌غدا، ئه‌مه منی زۆر غه‌مبار كرد، چونكه پێم باش بوو پێش چونه به‌غدا، كورد بڕیاری خۆی بدایه.
جزیره: ئه‌ی دۆخی ئێستای نێوان یه‌كێتی پارتی چۆنه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: به‌ڕای من دۆخه‌كه ئه‌وه‌نده قورس نییه، چه‌ندین ساڵ پرس و بابه‌ت له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌بووه، ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ریش بین، زیاتر یه‌كێتی هۆی ئه‌و پرس و بابه‌تانه بووه.
یه‌كێتی كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌بوو، مام جه‌لال نه‌خۆش كه‌وت، به‌داخیشه‌وه كۆچی دوایی كرد، یه‌كێتی زۆر كێشه‌ی له‌ناوخۆی خۆیدا هه‌بوو، پرسی متمانه، پرسی به‌ڕێوه‌بردن، پرسی یه‌كڕیزی. به‌هۆی ئه‌مانه‌وه قورس بوو بتوانرێت رێككه‌وتنێكی ستراتیژیی كۆنكرێتی له‌گه‌ڵ پارتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكرێت.
به‌ڵام ئێستا یه‌كێتیه‌كی یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو ده‌توانێت هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كاندا بكات كه پێویست بێت.
جزیره: گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: له‌و باوه‌ڕه‌دام كه به‌م نزیكانه حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا، زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش سكاڵایان له‌سه‌ر چه‌ند سه‌رپێچییه‌ك هه‌یه، ئه‌مه‌ش كه‌وتوه‌ته‌وه سه‌ر كۆمسیۆن و ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات دادگا به‌دواداچون بۆ ئه‌و سه‌رپێچییانه ده‌كات و بڕیاری كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه ده‌دات.
جزیره: بابه‌تێكی دیكه كه بوه‌ته‌هۆی ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو حزبه سه‌ره‌كییه‌كی كوردستان، كه‌ركوكه، ئێستا ئه‌و پارێزگاره‌ی كه به‌غدا دایناوه، بوه‌ته په‌رله‌مانتار، بۆیه ئه‌و شاره پێویستی پارێزگارێكی دیكه‌ی. ئایا هیچ گفتوگۆیه‌ك یان كێبڕكێیه‌ك له ئارادایه كه كێ پۆستی پارێزگار وه‌ردگرێت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم پێویست بكات بوترێت كێبڕكێ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك هه‌یه. ئه‌وه‌ی كه خوازیارم روبدات ئه‌وه‌یه یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و باسی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن.
له‌وباوه‌ڕه‌دام كه ئێمه به یه‌ك ده‌نگی به‌هێزتر ده‌بین تا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌ركوك و به‌غدا دروست بكه‌ین، له‌ڕاستیشدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌یشتوین به پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك تیمه‌كه‌مان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له به‌غدا بوو، یه‌كه‌م كه‌س كه پێینا گه‌یشتین پارتی بوو، ئه‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه دابنیشین و هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه ده‌مانه‌وێت. بۆ كه‌ركوكیش هه‌مان شت كرا، چوینه لای پارتی و وتمان: "ده‌مانه‌وێت كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان رێكبخه‌ین تا پێكه‌وه دابنیشین و گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و باشترین رێگه‌چاره‌ی هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه بكه‌ین".
دوباره ده‌مه‌وێت جه‌خت بكه‌مه‌وه و بڵێم: یه‌كڕیزی، یه‌كڕیزی، یه‌كڕیزی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكه‌ین، ده‌توانین ئه‌و پرسانه تێپه‌ڕێنین كه دوای خستوین، له‌وباوه‌ڕه‌دام كه ده‌توانین له چوار ساڵی داهاتودا كوردستان به‌ره‌و پێش ببه‌ین.
جزیره: ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیكه چین؟ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی چییه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: به‌ڕاشكاوی بڵێم، گه‌وره‌ترین كێشه ئه‌و ئه‌زمونه خراپه‌ی رابردووه، ئه‌و رێككه‌ون و دانوستانانه‌یه كه جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌گه‌ر قسه‌ش له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی خه‌ڵك بكه‌یت، ده‌ڵێن: ئه‌وان ئه‌و كاره‌یان كردوه، به‌ڵێ ئێمه هه‌ردوكمان كردمان، بۆیه دۆخه‌كه به‌جۆرێكی وایه كه هه‌ردوو حزبه‌كه لێی به‌رپرسیارن. هه‌ردوولا هه‌ڵه‌یان كردوه، به‌ڵام من به هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵ پارتی گه‌شبینم، دۆستایه‌تیی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر قووڵه. من زۆر رێز له كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی ناو پارتی ده‌گرم، كه‌سانی وه‌ك كام مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و كاك مه‌سرور بارزانی.
جزیره: ئایا هیچ دانوستانێك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ئارادایه بۆ درێژه‌دان به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كه‌ركوك؟
بافڵ تاڵه‌بانی: ناتوانم هیچ زانیارییه‌كت له‌وباره‌یه‌وه پێ بڵێم، ئه‌مه بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار نییه به من، یان به راشكاوی بڵێم ئه‌مه بابه‌تێكه كه نامه‌وێت په‌یوه‌ندیم پێوه هه‌بێت، به‌ڵام زۆریش پێم سه‌یر ده‌بێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌بێت باس له‌وه بكات ئه‌م بۆرییه نه‌وتانه چۆن ده‌بن.
جزیره: له چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا چه‌ند گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای روسنه‌فت كراون، ئایا ئام گرێبه‌ستانه له به‌رژه‌وه‌ندیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: سه‌رسام ده‌بم ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م كارانه‌ی كردبێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و هه‌موو لێكۆڵینه‌وه و په‌یوه‌ندیكردنه، كه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم باش نه‌بوو. ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌مه به باش بۆ هه‌رێمی كوردستان بزانێت، من قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌م.
دوباره، تاكه رێگه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م كێشانه، ئه‌وه‌یه كه به‌غدا و هه‌رێم پێكه‌وه دابنیشن و بزانن ناكۆییه‌كانیان چییه.
جزیره: وا ده‌رده‌كه‌وێت كه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عیراق توڕه‌یی سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری یان ده‌ستوه‌ردانی ئێران له كاروباری ناوخۆی عیراق هه‌بێت، ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
بافڵ تاڵه‌بانی: شتێكی ناواقعیه ئه‌گه‌ر پێشبینی بكه‌یت وڵاتانی دیكه نه‌یانه‌وێت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دۆخه‌كه هه‌بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌كه زۆر ئاسانه، به بڕوای من لایه‌نه سیاسییه‌كان و گه‌لی عیراق ده‌بێت ئه‌وه بكه‌ن كه بۆ عیراق باشترینه و ده‌بێت خۆیان له ململانێ ده‌ره‌كییه‌كان به‌دوور بگرن.
جزیره: به‌وه ناسراویت كه په‌یوه‌ندیی باشت هه‌م له‌گه‌ڵ ئێران و هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش هه‌یه، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانت له سایه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا چۆنه، ئایا وای ده‌بینیت كه ئه‌مریكا درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی له عیراق ده‌دات؟
بافڵ تاڵه‌بانی: ده‌مه‌وێت بڵێم كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشه. چه‌ندین ساڵه ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له شه‌ڕی دژبه تیرۆر هاوپه‌یمانێكی ستراتیژیی ئێمه بووه، هیوادارم ئه‌و په‌یوندییانه به‌هێزتربن، هیواداریشم ئه‌مریكا بۆ چه‌ندین ساڵی داهاتووش لێره بوونی هه‌بێت.
پلانمان هه‌یه به‌م نزیكانه چه‌ند سه‌ردانێك بۆ ئه‌مریكا بكه‌ین و ئه‌وكاته‌ش شته‌كان رونتر ده‌بنه‌وه، لێره‌ش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موویان هه‌یه، برێت ماكگۆرك و باڵیۆز و كونسوڵی گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان زۆر زۆر باشه. به‌دڵنیاییه‌وه كاتی سه‌ختیش هه‌بوون، پرسی ریفراندۆم كه‌مێك دۆخه‌كه‌ی گرژ كرد، به‌ڵام به‌گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه و ئه‌مه شتێكه هیوادارین به‌رده‌وام بێت.
جزیره: به‌ڵام ئیداره‌ی تره‌مپ هاوپه‌یمانێتییه‌كی دژبه ئێران له ناوچه‌كه پێكهێناوه كه ده‌یه‌وێت هێزه سیاسییه‌كان رابكێشێت بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و هاوپه‌یمانییه‌ی دژبه ئێرانه‌وه بكه‌ن، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌كوێی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دایه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: من له‌وبڕوایه‌دام كه یه‌كێتی نایه‌وێت له ململانێی ناوچه‌كه خۆی تێوه‌بگلێَنێت، ئێمه دارایی و دۆخی ئه‌منی و سه‌قامیگریی پێوستمان له كوردستان هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كی درێژیشمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، زۆر جاریش ئێران هاوكاریی كردوین و زۆرجاریش له‌مپه‌ڕی بۆ دروستكردوین. شتێكی ناواقعییه پێشبینی ئه‌وه بكرێت یه‌كێتی یان هه‌ر پارتێكی كوردی یان عیراقی بیه‌وَت په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بپچڕێت.
راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێمه سه‌دان كیلۆمه‌تر سنورمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، زۆربه‌ی ئه‌و بازرگانییه‌شی له شاری سلێمانییه‌وه ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئێراندایه.
جزیره: باشتر نییه هه‌رێمی كوردستان یه‌ك هێزی چه‌كداری یه‌كگرتوی له بری چه‌ند هێزێك هه‌بێت كه سه‌ربه پارته جیاوازه‌كان بن؟
بافڵ تاڵه‌بانی: هیوادارم ببینم ئه‌وه رووبدات. ئێمه ورده ورده به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕۆین. به‌ڵام كه هه‌موو جارێك هه‌نگاوی بۆ ده‌نێین توشی ئاسته‌نگی سیاسی ده‌بین، ئه‌گه‌ر راستیت ده‌وێت من وای ده‌بینم خه‌ڵك ده‌ترسن، ده‌ترسن له شتێكی نوێ، ئه‌مه‌ش بۆ كوردستان گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره ده‌بێت، به‌ڵام له راستیدا پێمخۆشه یه‌ك هیێزی ئه‌منیی و یه‌ك هێزی سه‌ربازیی یه‌كگرتوومان هه‌بێت.
له‌وبڕوایه‌دام كه ده‌توانین به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه هه‌نگاو بنێین و له‌وباوه‌ڕه‌شدام ئه‌و كاره بۆ پرۆسه‌ی سیاسی لێره هاوكار بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی كوردستان، ئه‌مه شتێكه به‌هیوام له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو كاری له‌سه‌ر بكه‌م.
جزیره: ئه‌مساڵ 20 ساڵ به‌سه‌ر كۆتایی هاتنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوان هه‌ردوو پارته سه‌ره‌كییه‌كه تێده‌په‌ڕێت و هه‌ندێك له كورده‌كان مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان هه‌یه گرژییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی ببنه ململانێی چه‌كداری، ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌مه روبدات؟
بافڵ تاڵه‌بانی: مه‌گه‌ر به‌سه‌ر جه‌سته‌ی مردوی مندا، یان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی مردوی زۆرێك له كورده‌كان، ئه‌مه نه‌ك شتێكه روونادات، به‌ڵكو كه‌س ئاماده نییه جارێكی دیكه بیكات. ئه‌و رۆژانه به‌سه‌رچون، ئێمه هێشتا باجی ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه ده‌ده‌ین.
نابێت و ناكرێت كوردێك، كوردێكی دیكه بكوژێت، پێویستمان به‌وه‌یه كێشه‌كانمان به رێگه‌چاره‌ی سیاسی یه‌كلابكه‌ینه‌وه، باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر هه‌ر كوردێك كه مێكشی یه‌ك خانه‌شی تێدابێت، ئه‌وه‌ی له توانایدا بێت ده‌یكات بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ روونه‌داته‌وه، منیش وای نابینم كه رووبداته‌وه.
جزیره: له‌وباوه‌ڕه‌دای كه نوخبه‌ی سیاسیی كورد گه‌له‌كه‌یان بێ هیوا كردبێت و خه‌ڵكه‌كه‌یان له‌ده‌ستدابێت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: ئه‌گه‌ر بڵێین خه‌ڵكیان له‌ده‌ستداوه، تۆزێك قورسه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌ك راستگۆ بین، ده‌توانین پێكه‌وه كاری باشتر بكه‌ین. ئێستا چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه سه‌دام له كوردستان نه‌ماوه، كاتێك ته‌ماشای كوردستان ده‌كه‌م، هێشتا دۆخی كاره‌با به‌وجۆره باش نییه كه پێویسته، ئاوه‌ڕۆ به‌و باشییه نییه كه ده‌بێت باش بێت. رێگاوبانه‌كان و ژێرخانی ئابوری هێشتا وه‌ك پێویست باش نین، هه‌ندێكیشیان به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه نرخی نه‌وت دابه‌زیوه، كوردستانیش له سامانی كانزادا ده‌وڵه‌مه‌نده.
جزیره: هه‌ندێك ده‌ڵێن كه سیاسه‌تمه‌تداران له عیراق وه‌ك خانه‌واده‌یه‌كی بازرگان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن، تۆ له‌م باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێیت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: پێموایه كه ده‌كرێت ئه‌مه بوترێت، ده‌كرێت ئه‌مه له ئه‌مریكا به‌پله‌یه‌كی كه‌متر بوترێت یان له زۆر وڵاتی دیكه، به‌ڵام پێموایه كه نابێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێك ئه‌ندامی خانه‌واده‌یه‌كه ده‌بێت له ده‌سه‌ڵاتدا بێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا باوه‌ڕم وایه كه ناكرێت هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێك ئه‌ندامی خانه‌واده‌یه‌كه، ئیتر ده‌بێت له سیاسه‌ت دووربخرێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه له‌ناو حزبه‌كه‌یدا كاری باش بكات و هه‌وڵی چاكسازی بدات، له‌م كاته‌دا نابێت هه‌ڵگرتنی ناوی خانه‌واده له‌دژی به‌كاربهێنرێت.
جزیره: به‌م بۆنه‌یه‌وه، ئێوه پشتیوانی له‌وە دەکەن کە حكومه‌تی داهاتووی عیراق ته‌كنۆكرات بێت؟
بافڵ تاڵه‌بانی: من له‌و بڕوایه‌دام كه حكومه‌تی عیراق پێویسته پێكهاته‌یه‌ك بێت له هه‌مووان، كه‌سانی ته‌كنۆكراتمان پێویسته، له‌هه‌مانكاتیشدا پێویستمان به كه‌سایه‌تییه سیاسییه به‌هێزه‌كانیشه كه بتوانێت جڵه‌وی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه عیراق كێشه و گرفتی زۆری هه‌یه.
جزیره: ئایا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی پۆسته‌كانی ئه‌و حکومەتەیە؟
بافڵ تاڵه‌بانی: نا نه‌خێر، یه‌كێتی هه‌میشه به‌شێك بووه له چاره‌سه‌ر له عیراق و ده‌مانه‌وێت له‌وێ بین، ده‌مانه‌وێت به‌شداری له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بكه‌ین، نه‌ك ببین به به‌شێك له كێشه. ده‌مانه‌وێت یه‌كێتی كاری زیاتر له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات و شانبه‌شانی پارته كوردییه‌كانی دیكه بونی خۆی له‌به‌غدا زیاتر بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كورسییه‌كانمان له په‌رله‌مان بكه‌یت، ده‌بینیت كه ئێمه له به‌غدا زۆر به‌هێز و یه‌كگرتوین، ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه خوازیارم ببینم روو بدات و رووش ده‌دات.
جزیره: ئایا داهاتوی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ناو سنوری عیراق ده‌بێت؟ ئایا سه‌ربه‌خۆیی له ئارادا نییه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: پێم وانییه سه‌ربه‌خۆیی له ئارادا نه‌بێت و له‌و باوه‌ڕه‌شدا نیم كه سه‌ربه‌خۆیی بابه‌تێك بێت له‌ئێستادا ده‌بێت باسی بكه‌ین. ئێستا كێشه‌ی زۆرمان هه‌یه و و زۆر بابه‌ت هه‌یه ده‌بێت زاڵ بین به‌سه‌ریدا. ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه به‌شێك بین له عیراق، به‌هێزیی هه‌رێم له‌ئێستادا بۆ ئێمه له به‌غداوه‌یه. هه‌موو كوردێكیش سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان ده‌وێت، به‌ڵام له‌و واقعدا ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه به تاكلایه‌نه روو نادات.
ده‌بێت به‌غدا و هه‌ندێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ره‌زامه‌ندن بن له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی، ئێمه‌ش ده‌بێت به وریایی به ره‌فتاری دیپلۆماسی هه‌نگاوی بۆ بنێین.
جزیره: خه‌ونی شه‌خسیت چییه و له كوێدا خۆت ده‌بینیته‌وه؟ ئایا وا خۆت ده‌بینیته‌وه كه ببیت به سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ت؟ ئایا خۆت وه‌ك پیاوێكی سه‌ربازی ده‌هێڵیته‌وه؟
بافڵ تاڵه‌بانی: خوازیاری ئه‌وه‌م یه‌كێتی به یه‌كگرتوویی ببینم، به‌ڕوونتر ده‌ڵێم گرنگ نییه كێ به‌رپرسی یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌ڵام هیوای بینینی یه‌كێتیه‌كی یه‌كگرتوی به‌هێز ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ پارته كوردییه‌كانی دیكه‌دا كوردستان به‌ره‌وپێش به‌رن.
هیوادارم گه‌لێك سیاسه‌تی جیاواز ببینم كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكرێن، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك سیاسه‌تی دژبه گه‌نده‌ڵی.
پێویستمان به‌وه‌یه ئه‌و شێوازه بگۆڕین كه هه‌ڵبژاردنی پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، پێوستمان به‌وه‌یه پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو پارته‌كاندا به‌ره‌وپێش بچین، خه‌ونی شه‌خسیی من ئه‌مه‌یه.
PM:06:20:25/10/2018
ئه‌م بابه‌ته 2840
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت