سه‌رحه‌د قادر: 100 ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی كوردی كه‌ركوك په‌یوه‌ندیان به وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه كردووه
به‌ڕێوه‌به‌ری له‌سه‌ركارلابراوی پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك
وێستگه نیوز -
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركوك رایگه‌یاند كه 100 ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی كوردی كه‌ركوك په‌یوه‌ندیان به وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه كردووه، پێشبینیشكرد كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه‌وه بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ ئه‌و 100 ئه‌فسه‌ر و پۆلیس كورده ده‌ربكات.
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری له‌سه‌ركارلابراوی پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك، به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه "نزیكه‌ی 100 ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی كوردی كه‌ركوك، دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم مووچه‌ی بۆ دابینكردوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه "وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، به‌نووسراو پۆلیسی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقی له په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌و 100 ئه‌فسه‌ر و پۆلیسه پێیانه‌وه ئاگادار كردۆته‌وه".
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر وتی: "وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق لیژنه‌ی پێكهێناوه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆلیس و ئه‌فسه‌رانه كه سه‌ربه وه‌زاره‌ته‌كه‌یانن، چۆن په‌یوه‌ندییان به وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه كردووه، بۆیه ره‌نگه كۆتایی به‌راژه‌یان بهێنێت و بیانداته دادگا".
به‌پێی وته‌ی عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، ئه‌و ئه‌فسه‌ره پارتیانه‌ی كه پله‌كانیان سه‌رووی پله‌ی موقه‌ده‌مه و دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ كه‌ركوك گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ده‌وامیان پێناكرێت و ته‌نها موچه‌كانیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، چونكه عه‌ره‌ب و توركمان له جێگه‌كانیان دانراوه.
ناوبراو وتیشی"به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه پله‌كانیان خوار پله‌ی موقه‌ده‌مه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شوێنه‌كانیان و ده‌وام ده‌كه‌ن".
ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی خۆی، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك وتی: "من ته‌نها ئه‌فسه‌رم له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردن له ریفراندۆم بڕیاری ده‌ستگیركردنم بۆ ده‌ركراوه".
هه‌رچه‌نده له‌ئێستادا به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك كورده، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له ئه‌فسه‌ره كورده‌كان له پۆسته گرنگه‌كان لابراون و ئه‌فسه‌ری عه‌ره‌ب و توركمان خراونه‌ته جێگه‌كانیان.
PM:05:30:24/10/2018
ئه‌م بابه‌ته 7056
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت