شاری جنۆكه‌كان ده‌كه‌وێته‌ كوێوه‌ و له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌؟

‌مێژووی دروستکردنی ئەو شارە بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

وێستگه‌ نیوز ـ
دەرین کویو لە تورکیا گەورەترین شاری ژێر زەوییەو بەشاری جنۆکەکان ناسراوە، مێژووی دروستکردنی ئەو شارە بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئێن ئاڕ تی پیدیا لە راپۆرتێکدا مێژووی دەرین کویو کە بەشاری جنۆکەکان ناسراوە بەمشێوەیە باسدەکات.


لەکاتی نۆژەنکردنەوەی خانوویەکی کۆنی شاری کاپادۆسیا، پایوێک لەپشتی دەرگایەکی بەردینەوە دەرچەی شارێک لە ژێر زەویدا دەدۆزرێتەوە کە هەڵگری سەدان پرسیاری وەڵامنەدراوەیە، دەبێتە میراتێک کە بەهاکەی مەزەندە ناکرێت بۆ ئەو خەڵکانەی لە کۆندا لەو شارەدا ژیاون، بەردە بورکانییەکانی ئەم شارە هەڵگری نهێنییەکانی هەڵکۆڵینی شارێکن لەژێر زەویدا لە قوڵایی 80 مەتردا. دەرین کویو یاخود شاری جنۆکەکان بە گەورەترین شاری ژێر زەوی دەناسێنرێت.

بە ئێستاشەوە شوێنەوارناسان نەگەیشتوون بەو ئەنجامەی کێ و چۆن و بۆچی خەڵکی ئەم شارە ژیانی ژێر زەویان هەڵبژاردووە؟ دەپرسن ئەبێت ئەم خەڵکە لەچی رایانکردبێت؟ ئەمانەو هەزاران پرسیاری دیکە کە تا ئێشتاش بێوەڵامن.

دانیشتوانی کۆنی نەفشەهیر بە درێژایی مێژوو ئەزمونیان لە هەڵکەندنی بەردە بورکانییەکاندا پەیداکردووە، بەهۆی ئاسانی هەڵکۆڵینیی بەردە بورکانییەکانەوە توانیویانە بەشێوەیەکی ئاسان ماڵەکانیان لەشێوەی ئەشکەوت لەسەر ئەم بەردانە و لەژێر خاکدا هەڵکۆڵن.

شاری دەرین کویو  کە گەورەترین شاری ژێر زەوییە و قوڵترنیانە لە کۆی ئەو 36 شارەی دیکەی پارێزگای نەفشەهیر کە لەژێر زەویدا هەڵکۆڵراون، دەکەوێتە شاری کاپادۆسیای پارێزگای نەفشەهیر لە ناوەراستی تورکیا، مێژووی دروستکردنەکەی بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، شوێنەوارناسان دەڵێن لە سەردەمی ڕۆمەکاندا و لە سەدەی یەکەمدا لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەتدا لە ناوچەکەدا مەسیحییەکان وەک پەناگایەک بۆ خۆشاردنەوە لە کوشتارگەری و ئەشکەنجەی ڕۆمەکان بەکاریانهێناوە.

دەرین کویو زیاتر لە هەزار ژووری تیادایە و لەسەر ڕووبەری سێ کیلۆمەتر دروستکراوە، لە هەشت نهۆم کە بە قوڵایی 80 بۆ 85 مەتر بۆ ژێر زەوی پێکدێت، ژوورەکان یان ماڵەکانی دەرین کویو  بە سەدان رارەو پێکەوە بەستراونەتەوە، جگە لەوەش بەهۆی پلەی گەرمای مامناوەندی شارەکەوە لە سەردەمانێکدا وەک ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەروبومی کشتوکاڵی بەکارهاتووە. نهۆمەکانی سەرەوەی شارەکە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و لێنانی خواردن و پەرستش بەکارهێنراوە.

بوونی 15 هەزار هەواکێش 20 هەزار پیاو و ژن و منداڵی لەژیاندا هێشتووتەوە، سەرەرای تێپەربوونی چوار هەزار ساڵ بەسەر دورستکردنیدا تا ئێستاش رۆژانە سەدان گەشتیار روویتێدەکەن و هیچ هەواکێشێکی دیکەی بۆ زیادنەکراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن مەحاڵە ئەم شارە مرۆڤ هەڵیکۆڵیبێت و مانەوەی بە شاراوەیی تا ساڵی 1963 وایکرووە بە شاری جنۆکەکان بناسرێت، گوایە ئەمە کاری دەستی مرۆڤ نییە.

هــ. ر


PM:12:17:24/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 21888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو