پێشنیازێك له‌ باره‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خرێته‌ڕوو


وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌ندامێكی‌ پەرلەمانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان، پێشنیاردەكات پەرلەمانی نوێ و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەریەكەیان لە شارێكدابن و وەزارەتەكانیش بەسەر شارەكاندا دابەشبكرێن.


عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 19ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2018، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌:"باشتره‌ دامەزراوەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن (پەرلەمان و حكومەت) هەریەكەیان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی جێگیربكرێن، ئەمەش كارێكی ئاساییە و ناكرێت بە بابەتێكی هەستیار لێكبدرێتەوە".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە دەكرێت هەموو وەزارەتەكانی كابینەی نوێ لە پایتەخت یان شارە گەورەكان كۆنەكرێنەوە، بەپێچەوانەوە وا باشترە نیوە یان بەشێكی وەزارەتەكانیش لە شار و شارۆچكەكانی دیكەبن، ئەوەش بەپێی گونجاندن یان پێكهاتەكەیانەوە.

بڕیارده‌ره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت: "بۆ نمونە دەكرێت وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە دهۆك بێت، یان وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە سلێمانی بێت چونكە بەپایتەختی رۆشنبیری دانراوە، دەكرێت وەزارەتی كاروباری شەهیدان لە پارێزگای هەڵەبجە یان ئیدارەی گەرمیان و چەمچەماڵ بێت".


ده‌قی نووسینه‌كه‌:
پێشنیارێک بۆپێکهێنانی پەرلەمان وحکومەتی نوێی هەرێم ؛

ــ لەپێناو پێکهێنانی پەرلەمان وحکومەتێکی تۆکمەوبەهێز.

ــ لەپێناو سڕینەوەونەهێشتنی یەکجارەکی ئاسەواری دووئیدارەیی و دوو زۆنگ وسێ زۆنگی.

ــ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەشارو ناوچەجیاوازەکانی هەرێم.

ــ لەپێناو سەرەتایەکی باش بۆجێگیرکردنی سیستمی ناناوەندێتی ( لامەرکەزی) لەهەرێمی کوردستان.

ــ  لەپێناو دروستکردنەوەی پەیوەندی ئاسایی ودروست  لەنێوان هاوڵاتی و دامەزراوەکانی هەرێمدا.

ــ لەپێناو قۆرخ نەکردنی هەموو دامەزراوەکان لەلایەن هیچ پارتێکی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەکارگێڕی گشتیدا.

پێشنیارێک دەخەینە ڕوو بۆئەو هێزوپارتە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کەبەشداردەبن لەپێکهێنانی کابینەی نوێ واتا ( کابینەی نۆیەم)ی حکومەتی هەرێم ،و هەروەها ئەوهێزەسیاسیانەی کە ئەندام وفراکسیۆنیان دەبێت لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ، پێشنیارەکە کورت وپوخت بریتیە لە؛

1-- هەردوو دامەزراوەی یاسادانان وجێبەجێکردن کەدەکاتە پەرلەمان و حکومەت هەریەکەیان لەشارەکانی هەولێرو سلێمانی جێگیربکرێن، کەئەمەش کارێکی ئاساییەو ناکرێت بەبابەتێکی هەستیار لێکبدرێتەوە.

2-- دەکرێت هەموو  وەزارەتەکانی کابینەی نوێ لەپایتەخت یان شارەگەورەکان کۆنەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە واباشترە نیوە یان بەشێکی وەزارەتەکانیش لەشاروشارۆچکەکانی تردابن، ئەویش بەپێی گونجاندن یان پێکهاتەکەیانەوە، بۆنمونە دەکرێت وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار لەپارێزگای دهۆکی ڕەنگیندا بێت، یان وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان لەسلێمانی سەرکەشدا بێت چونکە بەپایتەختی رۆشنبیری ناوزەندکراوە، دەشکرێت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەپارێزگای هەڵەبجە یان ئیدارەی گەرمیان وچەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان بێت، دەشگونجێت وەزارەتی پیشەسازی وبازرگانی بەهۆی ئەوەی چەندین کارگەی گەورە لەسنوری شارۆچکەی بازیاندا هەیە وەزارەتەکەش هەرلەو ناوچەیەبێت.

ئەمانە نمونەگەلێکن و زۆر وەزارەتی تریش هەن دەکرێت دوای دیراسەو توێژینەوەیەکی ورد ببرێتە شوێنی دیکەش، وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بۆحەوزی بیتوێن ودەڤەری ڕاپەڕین یان شارەزوور ، سامانە سروشتیەکان بۆ سنوری کۆیە یان چەمچەماڵ و........ هتد.

ــ سەبارەت بەدەستەکانیش دەکرێت هاوشێوەی وەزارەتەکان ئەوانیش بەتایبەت ئەوانەی پێویست ناکات لەپایتەخت بن دابەشبکرێن بەسەر شاروناوچەکانی تردا ، بۆنمونە دەستەی ژینگە لە سنوری سۆران وباڵەکایەتی یان دوکان و دەستەی کاروباری مین ببرێتە ناوچەیەک کەتاهەنوکەش مین وتەقەمەنییەکی زۆری تێدایە بەنمونە ناوچەی پێنجوێن یان ناوچەی سۆران و دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشترە ببرێتە کەلار یان کفری.

ئەم پۆلێنکردن و ئاماژادانانە بە دامەزراوە یان وەزارەت ودەستەکان مەرج نیە دەقاودەق بەوشێوەیە بێت.

ئەوەی ماوەتەوە بوترێت وئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کە ناکرێت نوسین یان پێشنیارێکی لەو شێوەیە شیکردنەوەو شەن وکەوی ناجۆرو نالۆژیکی بۆبکرێت لەلایەن هیچ کەسێک یان پارتێکی سیاسی چونکە لای من هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان شاروناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەزاخۆوە تاخانەقین ،و لەپێنجوێنیشەوە تاحەمرین ، وەدەکرێت لەکاتی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت و خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەم بابەتە ببێتە بەشێک لەتەوەرەکانی دانوستان وگفتوگۆکان.

٭٭ تێبینی: بۆیە ئاماژەم بەهیچ شاروناوچەیەکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (دابڕێنراوەکان) نەداوە چونکە لەئێستادا ئەوناوچانە لەڕووی کارگێڕییەوە سەربەحکومەتی هەرێم نین ، گەرنا دەبوایە بەشێک لەو دامەزراوانە بێ یەک ودوو لەو ناوچەوشوێنانە بونایە.

ــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا .......  19-10-2018 ی زاینی

هــ. ر


AM:12:08:20/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 9788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو