كۆمسیۆن: كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان راده‌گه‌یه‌ندرێت

‌دیمەنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم رایگه‌یاند، كاركردن لە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكان لەم هەفتەیەدا تەواو دەبێت و سكاڵاكانیش پۆڵین كراون، تەنیا ماوە ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری لەسەر بدات.


سەبارەت بە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: تیمەكانیان بەردەوامن لە كاركردن لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان و بەشێكی زۆری ئەنجامەكان تەواو كراون، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا ئەوان كارەكانی خۆیان تەواو بكەن و ئەنجامەكانیش بە راپۆرتێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.

ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، وتی: "كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكان بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامەكان تەواو بكات و رایبگەیەنێت، ھەنگاوی زۆر باشیش نراون و سكاڵاكان ھەمووی پۆڵێن كراون و خراونەتە بەر دەستی ئەنجومەنی كۆمسیاران، هەروەها بڕیارە لە ھەر پارێزگایەكیش 15 سندووقی دەنگدان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەیش وەك رێكارێكی كۆمسیۆنە ئەنجامی دەدات و دواتریش ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن".

ئارام نەجمەدین وتیشی: "بەپێی پێشبینیی ئێمە، چاوەرێ دەكرێت رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا بكات".

رۆژی 30 ئه‌یلولی 2018، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا، رۆژی 4ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، كۆمسیۆن سه‌دا 85ی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌له‌ به‌ر زۆری سكاڵاكان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ئه‌نجامی كۆتایی دواكه‌وت.

هــ. ر


PM:12:30:14/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو