بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێم مەسعود بارزانی تا ئێستاش سەرۆکە


وێستگە نیوز-

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێم تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا نەماوە و ناوبراو وەک سەرۆکی هەرێم دەناسێنێت.

ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێم کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکیەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، تا ئێستا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەناسێنێت، ئەوە لە کاتێکدایە نزیکەی ساڵێکە ناوبراو لەو پۆستەدا نەماوە و دەسەڵاتەکانی دابەشکراون بەسەر دامەزراوەکانی تردا.

دوا هەواڵ کە ماڵپەڕەکە دایناوە بریتیە لە وەڵامی پەرلەمان بۆ نامەکەی بارزانی کە داوایکردبوو دەسەڵاتەکانی دابەشبکرێت بەسەر دامەزراوەکانی تردا و بەو شێوەیەش نزیکەی ساڵێکە ئەو ماڵپەڕە هیچ هەواڵ و چالاکیەکی تێدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام داشنەخراوە.

لەو بەشەی ماڵپەرەکە کە تایبەتە بە ناساندنی سەرۆکی هەرێم، ناو و پرۆفایلی مەسعود بارزانی دانراوە و هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە ناوبراو ئێستا پۆستەکەی جێهێشتووە.

مەسعود بارزانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوای کردبوو دەسەڵاتەکانی دابەشبکرێن بەسەر دامەزراوەکانی تری وەکو ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان، دواتریش پەرلەمان نامەکەی بارزانی پەسەندکرد و لە مانگی حەوتی ئەمساڵیشدا پڕۆژە یاسایەکی فراکسیۆنی گۆڕانی پەسەندکرد کە تایبەتبوو بە هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم.


PM:06:40:12/10/2018








ئه‌م بابه‌ته 13300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت