شۆڕش حاجی: پیرۆزباییەکەی مەكگورگ توشی شۆک و نائومێدی کردین


وێستگه‌ نیوز ـ

شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "بە پیرۆزباییەکەی بریت مەکگۆرک لە مەسعود بارزانی" بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تووشی نا ئومێدی و شۆک بوین، هەروەها ڕەتی دەکاتەوە گۆڕان و پارتی رێکكەوتنیان هەبوبێت لەسەر دەنگدان بەکاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق".

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند" بەپێی ئەو راگەیاندنەی کە نووسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردوه‌تەوە کاتێک لەبەیاننامەکە خوێندمانەوە کە بریت مەکگۆرگ پیرۆزبایی لە بارزانی کردووە بەهۆی سەرکەوتنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان تووشی شۆک و نا ئومێدی بوین، چونکە لەکاتێکدا زانیاری لای باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەیە، سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە کە پارتی دەنگی دەیان هەزاریان ساختەکردووە کەچی دێت پیرۆزبایی لە پارتی دەکات، ئەمە میسداقیەتی حکومەتی ئەمریکا و گەلی ئەمریکای خستە ژێر پرسیارەوە وە پێچەوانەی یاسا و دەستوری ئەمریکایە".

دەربارەی ئەوەی بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بێت پارتی لیستی گەورەیە وە یەکێتیش دووەم واتە ئەو دوو لایەنە بەدەنگی خەڵکی کوردستان بوونەتە خاوەنی ئەو کورسیانە ئایا بە بۆچوونی تۆ پێت وانیە پیرۆزباییەکەی مەکگۆرگ بۆ خەڵکی ئەو دوو حیزبە جێی دڵخۆشیە؟

شۆڕش حاجی وتی: "من خۆم وەک شۆرش حاجی وەک بزوتنەوەی گۆڕان و دەنگدەری گۆڕان تووشی شۆک و نیگەرانی بوین کە نەدەبوو نوێنەری سەرۆک ترەمپ پیرۆزبایی بکات تا یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان و ئەنجامە کۆتاییەکان".

سەبارەت بەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش هەمان رەخنە و گللەیتان هەبوو بەڵام دواجار پەرلەمانتارەکانتان ناردە پەرلەمانی عیراق؟

شۆڕش حاجی رایگەیاند" راستە لەهەڵبژاردنی بەغدا هەمان گللەیمان هەبوو بەڵام لە بەغدا هەموو رێگایەکی یاسایمان گرتە بەر دواجار بۆیە پەرلەمانتارەکانمان ناردە بەغدا چونکە ئێمە پەرلەمان بە مینبەر و شوێنێک دەزانین بۆ ئەوەی ئێمە قسەی خۆمان بکەین و داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ باڵیۆزخانە و نوێنەری وڵاتانی دنیا ببەستین، بەڵام ئێستاش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق رەتدەکەینەوە".

دەربارەی دەنگۆی رێکكەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی بۆ دەنگدان بە کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکانی بەغدا و سوێندخواردنیان لە پێش مەراسیمی سوێند خواردنەکە؟

شۆرش حاجی وتی: "ئەوە راست نیە، بەڵام ئێمە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بەپشکی کورد دەزانین، ئێمە خۆمان کاندیدمان نەبوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، وەک سەردەمی مام جەلال پەرلەمانتارەکانمان سەرپشک کرد دەنگ بەکێ دەدەن ئەوەش لەسەر ئەو پرنسیبەی کە پۆستی سەرۆک کۆمار بە مافی کورد دەزانین، تا کاتی خۆی کاک نەوشیروان خۆی ئێمەی وەک پەرلەمانتارەکان سەرپشک کرد کە دەنگ بە مام جەلال بدەن یاخود نا؟".

دەربارەی سکاڵای لایەنەکان لە پەرلەمانی عیراق لەکاتێکدا پێشتر لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراقیش هەمان سکاڵایان هەبوو بەڵام بێ ئەنجام بوو؟ شۆڕش حاجی وتی" ئێمە نەچوین بە بەغدا بڵێین وەرن سکاڵاکان یەکلایی بکەنەوە چونکە لە کوردستان کۆمسیۆن هەیە، پەرلەمانتارەکانمان داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەبەغدا کردووە لەسەر ئەو دەیان هەزار ناسنامە و رەگەزنامە ساختەیەی لە فەرمانگەکانی سلێمانی-هەولێر-دهۆک دەرچوون کە ئیوە مەترسی دیکەی هەیە".

بەپێی هه‌واڵی ماڵپەڕی فەرمی بارزانی بریت مەکگۆرگ پاش سەردانێکی لەگەڵ شاندێکی یاوەری بۆ لای مەسعود بارزانی، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردوه‌ لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی بە گرنگ وەسف كرد و جەختی لە رۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كردەوە".

هــ. ر


PM:03:27:11/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 23896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو