"فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئیمزای پێویست بۆ بانگهێشتكردنی وه‌زیری ناوخۆی عیراق كۆده‌كاته‌وه‌"


وێستگه‌ نیوز –

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان ئیمزای‌ پێویست بۆ بانگهێشتكردنی‌ وه‌زیری ناوخۆی عیراق كۆده‌كاته‌وه‌ تا ده‌رباره‌ی پرسی ته‌زویری ڕه‌گه‌زنامه‌ گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، د. موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ "سبه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئیمزای پێویست كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ بانگهێشتی وه‌زیری ناوخۆی عیراق به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆی كراوه‌ ده‌رباره‌ی پرسی ته‌زویری ره‌گه‌زنامه‌".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ په‌رله‌مانی عیراق نامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئاڕاسته‌ی قاسم ئه‌عره‌جی، وه‌زیری ناوخۆی عیراق كرد و داوایان لێكرد له‌ "ساخته‌كردنی ده‌یان ھه‌زار ره‌گه‌زنامه‌ و ناسنامه‌ی عیراقی له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی" بكۆڵێته‌وه‌.

له‌ نامه‌كه‌دا ھه‌رسێ فراكسیۆنی گۆڕان و نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ ده‌ڵێن: "ئێوه‌ له‌ بابه‌تێكی ھه‌ستیار ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش ساخته‌كردنی ده‌یان ھه‌زار ره‌گه‌زنامه‌ و ناسنامه‌ی عیراقییه‌ له‌ لایه‌ن ھه‌ردوو حزبی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌، كه‌ له‌ تۆماره‌ فه‌رمییه‌كاندا تۆمار نه‌كراون و بێ پێشینه‌ن".

ئه‌و سێ فراكسیۆنه‌ ئاماژه‌یان به‌مه‌ترسیی ئه‌و ساخته‌كاریانه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كردووه‌ كه‌ "چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان یارییان به‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگ و ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌."

 ئه‌و سێ فراكسیۆنه‌ به‌پێویستی ده‌زانن "به‌په‌له‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ پێكبھێندرێت و ئاماده‌یی خۆیشیان ده‌ربڕیوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ھاوكاریی حكومه‌تی عیراق بكه‌ن".
    
هاوكات ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند: دوای گه‌یشتنی نامه‌كه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی عیراق كۆده‌بنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی زیاتر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن".


PM:11:52:09/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 7196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو