‌بۆ هه‌رزانكردنی نرخی به‌نزین رێوشوێنی نوێ ده‌گیرێته‌ به‌ر
‌گرانبوونی نرخی بەنزین نیگەرانی لێکەوتەوە

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق داوا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن بڕه‌ سووته‌مه‌نی سلێمانی زیاد بكات و بڕی پێویستی به‌نزینیان بۆ بنێرن، به‌مه‌ش نرخی به‌نزین هه‌رزان ده‌بێته‌وه‌.

هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز رایگەیاند: "حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ نرخی بەنزین هەڵگرتووە، بەدواداچوونیشمان بۆ بەنزینەكەی بەغدا كردووەو ئەوەی پێمانگەیشتووە، كوالێتییەكەی بەگوێرەی پێویست نەبووە، بەڵام لەئێستادا ئەگەر كوالێتییەكەی باش بێت و نرخەكەشی گونجاو بێت، بەدڵنیاییەوە داوا لەبەغدا دەكەین بۆمان رەوانە بكات".

هۆشیار ئیسماعی وتیشی: "چاوەڕوان دەكەین چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو باشتر بڕوات، لە رێگەی سەرۆك وەزیرانی نوێ و سەرۆك كۆماریشەوە هەوڵەكانمان بخەینەگەڕ بۆئەوەی بەشە سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابینبكرێت، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كە چاوەڕواندەكرێت مانگێكی تر دەستبەكارەكانی بكات، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ".

هۆشیار ئیسماعیل جەختیشیكردەوە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین هەر هەنگاوێك پێویست بێت، دەیگرنەبەر بۆ ئه‌وه‌ش چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەكەن بۆئەوەی هەنگاوی زیاتری كرداری بنێن.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی به‌نزین رووی له‌ گرانبوون كردووه‌ و بۆ هه‌ر لیترێك بڕی 25 دیناری چووه‌ته‌ سه‌ر.


AM:11:32:08/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 4052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو