به‌رهه‌م ساڵح: پێویسته‌ پشتیوانی له‌ حكومه‌تی داهاتوی عیراق بكرێت

‌د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ به‌غدا كۆبوه‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیكردن له‌ حكومه‌تی نوێی عیراق به‌دورگرتنی عیراق له‌و ته‌نگژانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.

نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیرا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا، چاوی به‌ باڵیۆزی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ عیراق كه‌وتوه‌ و بیروڕای خۆی سه‌باره‌ت به‌ سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی خستوه‌ته‌روو به‌جۆرێك كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیداره‌یه‌كی نیشتمانیدا هه‌وڵ بۆ بنیادنانی ده‌وڵه‌تێکی دامه‌زراوه‌یی هاوچه‌رخ بدرێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌پێویستی زانیوه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا پشتیوانی له‌ حكومه‌تی عیراق بكرێ و عیراق له‌ ته‌نگژه‌ی ناوچه‌كه‌ دووربخرێته‌وه‌، جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ قۆناغی داهاتوو، سه‌روه‌خته‌ی كاری جدی ده‌بێت بۆ بنیادنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و ئازادی و دیموكراسیی هاوچه‌رخ.

د.به‌رهه‌م ساڵح داواشیكردوه‌ په‌یماننامه‌ی هاوبه‌شی نێوان عیراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا چالاك بكرێت كه‌ چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌شی به‌ نوێنه‌رانی ئه‌وروپا راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ پشتیوانیكردنی عیراق له‌سه‌ر ئاستی سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بره‌ودان به‌ كایه‌ی سیاسی و ئابوری.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، له‌لای خۆشیانه‌وه‌ باڵیۆزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا متمانه‌ و گه‌شبینیی حكومه‌ته‌كانیان به‌ توانای سه‌رۆكایه‌تیی نوێی عیراق ده‌ربڕیووه‌ بۆ ره‌خساندنی هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌ داهاتوودا، راشیانگه‌یاندوه‌ كه‌ وڵاته‌كانیان گرنگی به‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌ده‌ن و پشتیوانی له‌ سه‌قامگیریی و سیستمی دیموكراتیی فیدڕاڵیی عیراقیش ده‌كه‌ن.


PM:07:54:07/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 2444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت