كاندیدەكەی یەكێتی بە فەرمی ناوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق تۆمار کرد


وێستگه‌ نیوز ـ
به‌رهه‌م ساڵح، وه‌ك كانیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ فه‌رمی ناوی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد.

د. جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ماڵپه‌ری پیوكه‌ی میدیا زمانحاڵی یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌،  بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێوشوێنە یاساییەكانی گرتووەتەبەر و ناوی خۆی تۆماركرد.

هاوكات حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی رایگەیاندووه‌، بەرهەم ساڵح بە رەسمی پێداویستییەكانی بۆ كاندیدبوونی تەسلیم كردووە و رێوشوێنە یاساییەكانی گرتووەتە بەر وەك كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە.

وتیشی: "ئەمڕۆ 23ی ئه‌یلولی 2018 كە كۆتا رۆژی وەرگرتنی داواكاری كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە كە بەپێی ماددەی 8 دەستووری عیراقی لە بڕگەی 3 و 4 و5 و 6 كە تەرخانكرابوو بۆ پێشكەشكردنی داواكاری كاندید بوون".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ 22ی ئه‌ی‌لولی 2018، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا روونیكردەوە كە یەكێتی"هەڵئەسێ بەكاری پێویست بۆ راییكردنی سەرجەم كارە سیاسی و یاساییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا".

هه‌ر ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمی فوئاد حسێن، سه‌رۆكی پێشووی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی پێشووی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا به‌ فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی بۆ ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌شدا، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق راگه‌یه‌ندرا.

هــ. ر


PM:08:54:23/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 13357 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو