قوباد تاڵەبانی: له‌م چه‌ند رۆژه‌دا 15 هه‌زار هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنین

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگه‌ نیوز ـ

قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردسنتم رایگه‌یاند، پلانیان ھەیە کەلە چوارساڵی داھاتوو زیاتر لە 50 ھەزار ھەلی کار بڕەخسێنن، ده‌شڵێت: "لەم چەند رۆژەی داھاتووشدا پرۆژەیەک پەسەندکراوە و بەردی بناغەی بۆ دادەنێین کە 15 ھەزار ھەلی کاری تر دەڕەخسێنێت، ئێمە تەنیا قسە ناکەین بەڵێن دەدەین و دەیبەینەسەر".


ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئه‌یلولی 2018، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی ژمارە 105ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە قەڵاچوالان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ چین و توێژەکانی شارباژێڕ بەرێوەچوو.

لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، ئاوات محه‌مه‌د، سەرۆکی تیمی خۆبەخشانی کەمپینی قوباد تاڵەبانی سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی، لەوتارێکیدا سوپاسی جۆش و خرۆش و ھەوڵ و ماندووبونی چین وتوێژەکانی کرد کەلەرۆژانی رابردوو بۆ بانگەشەی لیستی یەکێتییان ئەنجامیانداوە و وتی: "سەلماندتان ئێوە ھەموو کات پشت و پەنای شۆڕش بوون".

ھەر لەکەرنەڤاڵەکەدا کاندیداکانی لیستی ژمارە 105ی یەکێتی لەبازنەی شارباژێر خۆیان بەئامادەبووان ناساند.

دواتر قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی ژمارە 105ی یەکێتی لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە وتی: "یەک ھەفتەمان ماوە تا سەرکەوتنێکی گەورەو مێژوویی تۆماربکەین لەداستانە دوور و درێژەکەی یەکێتی لەپێناوی بەردەوام کردنی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

راشیگه‌یاند: "تا ئێستا ھەڵمەتێکی زۆر نایابمان ھەبووە، دەستخۆشی لە ئێوە و کاندیدە بەرێزەکان دەکەم، کە ھەمووان خەریکی کۆکردنەوەی دەنگن بۆ یەکێتییەکەیان، کەوەک یەک حزب وەک یەک دەنگ و یەک رەنگ، یەکێتیانە تائێستا ھەڵمەتێکی نایابمان کردووە و توانیومانە ئەو شەپۆلەی لەمانگی پێنج دا ئاماژەم پێدا و وتم شەپۆلە سەوزەکە بەرێوەیە، ئێوە گەیاندتانە کوردستان، شار و شارۆچکەکانتان سەوزپۆشکرد".

ئەوەشی وت: "لەدھۆکەوە تا گەرمیان جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە دەبینین لەناو کادر و دڵسۆز و لایەنگرانی یەکێتی، ترس و لەرزێکی زۆریش دەبینین لەچاوی نەیارەکانمان، چونکە بینیویانە یەکێتی ناو ماڵی خۆی رێک دەخاتەوە، نێو خۆی ئاشت دەکاتەوە، ئەو کەسانەی کەلێی دوورکەوتونەتەوە نزیکیان دەکاتەوە، یەکێتی دووبارە متمانە بەو کەسانە دەکاتەوە کەڕەنگە جاران دەنگیان بەلایەنێکی تر دابێت، بگەڕێنەوە دەنگ بدەنەوە بەیەکێتی، نەیارەکانمان دەبینن کەیەکێتی بۆتەوە بەو ھێزەی کەتەقلە بەفیل لێ ئەدات".

لە بارەی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ لیستی ژمارە 150ی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە: "تەنھا لەبەر ئەو ھۆکارانە نین کە خەڵک ئومێدیان بەخشیوەتەوە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام ھەڵبژاردن ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئەمرۆ و سبەینێوە ھەیە، کەمتر پەیوەندیی بەدوێنێوە ھەیە، پەیامی یەکێتی لەم بانگەشەیە پەیامێکی روونە کە داواکاری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، پەیامێک کەکەس نەیتوانی دژی بوەستێت، کێ دژی ئارامییە، زیادکردنی ھەلی کار و خزمەتە".

وتیشی: "حزبەکانی تر ھیچ پلانێکیان پێشکەش نەکردوە، سێ ھەفتەیە تەنیا تەحلیل و تەفسیر و نقورچ و بەرد دەھاوێژنە دروشمەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێمە دەزانین ئێوە دژن، ئێوە ھەر دژ بوون، خەڵکیش زانیویەتی ئەو لایەنانەی ھەر رەخنە ئەگرن ھەر دژایەتیان کردوە لەپێناوی دژایەتی کردن، ھیچ شتێکیان پێشکەش نەکردوە، بەردێکیان نەخستوه‌تە سەر بناغەی کوردستان بەرەو ئارامی، خۆشگوزەرانی، گەشەپێدانی بازاڕ، زیادکردنی ھەلی کار، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆیە خەڵک دەزانێ یەکێتی پلانێکی ھەیە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی، ئەمانە تەنیا دروشم نیە".

لە بارەی بەڵێنەکانی لیستی یەکێتییەوە بۆ ھەلی کار، قوباد تاڵەبانی وتی: "پلانمان ھەیە کەلەچوارساڵی داھاتوو زیاتر لە 50 ھەزار ھەلی کار بڕەخسێنین، ئەمە تەنیا ژمارەیەک نیە بیڵێی، بەڵکو پلانمان ھەیە تەنیا بەبەگەڕخستنەوەی دوو ھەزار کارگە، 40 ھەزار ھەلی کار دەرەخسێت، لەم چەند رۆژەی داھاتوشدا پرۆژەیەک پەسەندکراوە و بەردی بناغەی بۆ دادەنێین کە 15 ھەزار ھەلی کاری تر دەڕەخسێنێت، ئێمە تەنیا قسە ناکەین بەڵێن دەدەین و دەیبەینەسەر".
 
وتیشی: "دەبێ بەدەنگدان ھاوسەنگی ھێز بگەڕێینینەوە بۆ کوردستان، نەھێڵین ھیچ ھێزێک تاک لایەنە بڕیار بدات لەپێناوی ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چونکە ئێمە یەکێتی نیشتمانی کوردستانین و ئەوە لەھیچ لایەک قبوڵ ناکەین".

لەبارەی ئەو "بۆ..."یەی کەھەڵمەتی بانگەشەی لیستی یەکێتی پێ دەستپێکرا، قوباد تاڵەبانی وتی: "ئێمە بەیەک وشە دەستمان پێکرد، بۆ ...، بۆ یەکێتی، دیارە بۆ، یەکەم: سەروەریمان، مانەوەمان، گەشەکردنمان، بەندە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بۆیە یەکێتی، چونکە سەرچاوەی ھەموو سەرکەوتنەکانمانە، بۆیە دەبێ ئەو یەکێتییە ھەمیشە بەرەو گەشەکردن بەرین، ئەوە بەئێوە دەکرێ، ئەمە وتەکانی مامن، ئەمە پابەندبوونە بەرێبازەکەی مام، کەوتەکانی نەخشە رێگایەکە بۆ ئێمە کەلەسەری بمێنینەوە باشترین خزمەت دەگەیەنین بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

سەرۆکی لیستی ژمارە 105ی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە: "لەم ھەفتەیەی ماومانە دەبێ کاربکەین تا زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە لەپێناوی گەشەکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەپێناو بەھێزکردنی یەکێتی کەکوردستان بەھێز دەکات، تا بتوانین ئارامی دەستەبەر بکەین بۆ کوردستان، تا ھەلی کار زیاتر دابین بکەین بۆ گەنج و بێکاران، ئەوکاتە حکومەتەکەمان ئەو ھێزەی دەبێ کەبتوانێ خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکات".

هــ. ر


PM:06:04:23/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 7136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو