حه‌لبوسی بانگهێشتی ئێران ده‌كرێت

‌سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا

وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزی ئێران له‌ عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانی عیراق كۆبوه‌وه‌ و بانگهێشتی كرد له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا سه‌ردانی تاران بكات.

سایتی په‌رله‌مانی عیراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2018، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق چاوی به‌ ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا كه‌وتوه‌ و هەردوولا پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردنیان تاوتوێکردووە، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، باڵیۆزی ئێران پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عیراق کردووە، بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستەکه‌ی و هۆیوای خواستوه‌ حه‌لبوسی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌یدا بۆ خزمه‌تكردنی گه‌لی عیراق سه‌ركه‌وتوو بێت، هاوكات بانگهێشتی حه‌لبوسیشی كردوه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا سه‌ردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات.

لە دیدارەکەی حه‌لبوسی و مه‌سجدیدا، جەختکراوەتەوە لەسه‌ر بایەخ و گرنگی پشتیوانی هەرێمایەتی لە عیراق، بە تایبەت لە دۆسیەی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.

حه‌لبوسی ئاماژەی بەوەشکردووە، عیراق چاوی لەوەیە کە کۆمەک و پشتیوانییە هەرێمایەتییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان زیاتر ببێت، ئامادەیی نیشانداوە بۆ کارکردن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی ئێران و عیراق و داواشی لە باڵیۆزی ئێران کردووە، چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە بۆ دۆسیەی ئاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.


PM:05:24:23/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1561 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت