رۆژنامه‌یه‌ك: دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر داوای‌ پارتی‌ بووه‌

‌کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی

وێستگه‌ نیوز –
رۆژنامه‌یه‌كی‌ عیراقی‌ رایگه‌یاند كه‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌سه‌ر داوای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بووه‌ و خودی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق راگه‌یاندووه‌.

رۆژنامه‌ی‌ سه‌باح ئه‌لجه‌دید له‌ ژماره‌ی‌ ئه‌مڕۆیدا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌ ئاگادارییه‌كانیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان داوایكردووه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق تا كۆتاییهاتنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ بڕیاره‌ 30ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت، دوابخرێت.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كانی‌ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێن: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌یاندا، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق گه‌یاندووه‌".

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ نه‌یتوانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ قایل بكات كه‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كاندید نه‌كات و كه‌سێكی‌ نزیكی‌ پارتی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكات، ئێستا هه‌وڵده‌دات پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی‌ نه‌بێت له‌ڕێی‌ هێنانه‌وه‌ پاساو و داواكردنی‌ پۆسته‌كه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی‌".

ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و رێكه‌وتنه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان وتووێژ بكه‌ن به‌هۆی‌ رێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌م باوه‌ رۆشت".

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری‌ كادیری‌ پارتی‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "پارتی‌ ناڕه‌زایی له‌سه‌ر شێوازی‌ دیاریكردنی‌ كاندیدی‌ یه‌كێتی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌ربڕیوه‌ و له‌سه‌ر كه‌سی‌ كاندیدكراو ناڕه‌زایی نییه‌".

وتیشی‌: "پارتی‌ رێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌ هه‌بووه‌ كه‌ ده‌بێت كه‌سی‌ كاندیدكراو بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ قبوڵكراو بێت و حزبی‌ نه‌بێت و وه‌ك كاندیدی‌ كورد پێشكه‌ش بكرێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پارتی‌ قبوڵ‌ ناكات كاندیدی‌ حزبێك وه‌ك كاندیدی‌ هه‌موو كورد بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كاندید بكرێت".

ئه‌و كادیره‌ی‌ پارتی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ پێشوو كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ وه‌ك پشكی‌ یه‌كێتی‌ دیاریكردبوو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ پارتی‌ ده‌بوو، پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراقیش بۆ یه‌كێتی‌ و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئێستا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، داواكاری‌ یه‌كێتی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌جێی‌ خۆیدا نییه‌".

هه‌فته‌ی‌ رابردوو به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ ده‌ستی‌ له‌ حزبه‌كه‌ی‌ كێشایه‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كاندید كرا.

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ تا رۆژی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار، هه‌موو بژارده‌كان كراوه‌ن و ئاشكرایكرد كه‌ "تا رۆژی‌ ده‌نگدان سێ‌ بژارده‌ هه‌ن و داوا له‌ یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ین لێكتێگه‌یشتنی‌ هه‌بێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "بژارده‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوولایه‌ن كاندیدێكی‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت، بژارده‌ی‌ دووه‌م پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌ كاندیدی‌ خۆیانه‌وه‌ بڕۆن و بژارده‌ی‌ سێیه‌م هه‌ردوو حزب له‌سه‌ر كاندیدێكی‌ بێلایه‌ن رێكبكه‌ون".

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام له‌ كارنامه‌كه‌دا لابراوه‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كاتێكی‌ نادیار دواخراوه‌.


AM:10:18:23/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 6541 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو