"یەکێتی کاندیدی فەرمی و نافەرمی هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق"


وێستگه‌ نیوز ـ

تا ئێستا یه‌كێتی به‌ فه‌رمی به‌رهه‌م ساڵح-ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كردووه‌، هه‌روه‌ك له‌تیف ره‌شید، كه‌ له‌ ده‌نگدانی نهێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌ك ده‌نگی هێنا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كات و ئه‌مه‌شی به‌ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی وتووه‌.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی وتوێژێکی ژیار محەمەد لە دەنگی ئەمریکا وتی: "هەر خۆی د. لەتیف ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو بە رەزامەندی یا بێ رەزامەندی سەرکردایەتی خۆی کاندید دەکات، پێم وایە ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن کرابێتەوە ئێستا خۆی کاندید کردووە، بەڵام د. لەتیف ئەگەرچی کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیە بەڵام کاندیدی فەرمی یەکێتی نیە، واتە جیاوازیەکەی لەگەڵ د. بەرهەم ئەوەیە، د. بەرهەم کاندیدی فەرمی یەکێتیە بەڵام د. لەتیف کاندیدی نافەرمی یەکێتیە".

ئەسەسەرد جەختی کردەوە: "هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی دەیانزانی کە لەدەرەوەی یەکێتی د. لەتیف خۆی کاندید دەکات، چونکە بەهەموومانی وتبوو، ئەو بەپێی دەستور مافی خۆ کاندیدکردنی هەیە،ئێمە ناتوانین ڕێێ لێ بگرین.واتە ئێستا د. لەتیف دەبێتە کاندیدی نافەرمی یەکێتی ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا بێگومان دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی عیراق".

ئەسەسەرد باسی لە کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی کرد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق و وتی: "لەدواین کۆبونەوەدا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک، پارتی چەند بژاردەیەک "ئۆپشنێک"ی خستینە بەردەممان لەوانە ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەون لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئەوا با بۆ کاندیدێکی کوردی بێ لایەن بێت بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە بۆیە ئێستا بڕیارەکە وایە ئەوان کاندیدی خۆیان دەبێت ئێـمەش هی خۆمان".

سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی و یەکێتی کاندیدییان بەجیا هەبوو پێتان وایە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ کاندیدەکەی یەکێتی یا پارتی زیاترە؟

فەرید ئەسەسەرد وتی: "ئێـمە ئەگەر دڵنیا نەبوینایە لەوەی کە پۆستەکە بۆ یەکێک لەکادیرەکانی یەکێتی دەبێت، ئەو "موجازەفە"یەمان نەدەکرد، دڵنیاشین سەرۆک کۆماری داهاتوو یەکێک دەبێت لەکادیرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان".

پێشتر لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش بەگوێچکەی یەکێتیدا چپاندمان کە پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت وەک پارتی بەڵام بەبۆچونی من برادەرانی یەکێتی بەجدییان وەرنەگرت وایانزانی ئێـمە وەک" معامەلە"یەک ئەم قسەیە دەکەین".

وتیشی: "پارتی بەجدیەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڵام من ئەو ئەگەرەشم داناوە لەدواین خولەکدا کاندیدەکەی پارتی بکشێتەوە بەهۆی ئەوەی دڵنیا نەبوون دەنگی پێویست دەهێنێت".

دەربارەی ئەوەی لە حاڵەتی دەرچونی(د.لەتیف) کە کاندیدی نافەرمیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق یەکێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟

فەرید ئەسەسەرد وتی: "ئێـمە وەک یەکێتی هەرکەس دەرچێت مامەڵەی وەک سەرۆک کۆماری لەگەڵ دەکەین، د. لەتیف-یش ئەگەرچی کاندیدی نافەرمی ئێـمەیە و بەڵام ئێمـە کار بۆ کاندیدە فەرمیەکەی خۆمان دەکەین، بەڵام لە حاڵەتی دەنگهێنان و دەرچونی بێگومان وەک یەکێتی و پشکی یەکێتی لە سەرۆک کۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و بە هی خۆمانی دەزانین".

وتیشی: "ئەگەر پێویست بکات هەوڵ دەدرێت د. لەتیف پەشیمان بکەینەوە بەڵام تا دوێنێش قسەمان لەگەڵ کرد ئەو هەر سورر بوو وە بەهەموو سەکردایەتی یەکێتی وت کە بەڕەزامەندی بێت یاخود نا خۆی کاندید دەکات، هەرچەندە ئەو زۆری پێخۆش بوو سەرکردایەتی یەکێتی دەنگی لەسەر بدات بەڵام ئەوە نەکرا، ئەوەی من ئاگاداربووم ئامادەکاری کردووە و پەیوەندی بەزۆر لایەن کردبوو بۆیە رەنگە ئێستا خۆی کاندید کردبێت".

سەبارەت بە ئامادەنەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە کۆبونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەکاتی دەنگدانی ئەو سەرکردایەتیە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق؟

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان روونیکردەوە: "هێرۆ خان پێش کۆبونەوەکە هاتبوو قسەی خۆی کردبوو، بەڵام پێش ئەوەی کامێراکان بێنە ژوور هێرۆخان رۆیشتبوو، وتیشی: کاک پاڤێڵمان بینی هەمان قسەی هەبوو کە هێرۆ خانم نە پشتگیری کەس نە دژی کەس دەبێت".

هەروەها لەبارەی بەجێهێشتنی کۆبونەوەکە لەلایەن مەلا بەختیار-ەوە؟ ئەسەسەرد رایگەیاند: "خۆی ئامادەبون و جێهێشتن و دەنگدان لەو کۆبونەوەیە ئازادانە بوو، هەوڵدرا هیچ کێشەیەک لەنێوان کاندیدەکان دروست نەبێت، هەوڵی یەکپارچەیی سەرکردایەتی درا، مەلا بەختیار پێم وایە خۆی دۆخێکی تایبەتی هەبوو نەیویست لەم دۆخەدا کێشە دروست بێت، دەبێت رێز لەم هەڵوێستەی بگیرێت.خۆی بەڕەزامەندی خۆی کشایەوە، مانەوە سێ کاندید، دوانیان ئەندامی سەرکردایەتی نەبوون، بەڵام د. بەرهەم بەهۆی ناوەرۆکی نامەکەیەوە کە خوێندرایەوە و پەسەندکرا وەک ئەندامی سەرکردایەتی مامەڵەی لەگەڵ کرا، هەروەها کشانەوەی مەلابەختیار رێی خۆشکرد د. بەرهەم دەنگی زۆرینە بهێنێت".

دەربارەی سەردانەکەی (بریت مەکگۆرگ) ئەسەسەرد وتی: "ئەو پشتگیری هیچ کاندیدێکی نەکردووە تەنها وتویەتی ئەگەر یەکێتی دەیەوێت پۆستەکە بەدەست بهێنێت با بەیەک کاندیدەوە بچێتە بەغدا، چونکە پێش کۆبونەوەکە قسەیەک هەبوو کە یەکێتی دوو کاندید بنێرێ بۆ بەغدا لەوێ یەکلایی بێتەوە".

ئەسەسەرد باسی لەوەکرد لە دیاریکردنی کاندیدەکەیان راوێژیان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان نەکردووە، وتیشی:"بەڵام لەمڕۆ بەدواوە پەیوەندییان پێوە دەکەین تا دەنگ بەکاندیدە فەرمیەکەمان بدەن ئەگەرچی کەمێکیش لەو رووەوە دواکەوتبێتین".

هــ. ر


AM:10:21:20/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 31169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو