تۆڕی شەمس: دەیان چاودێری وڵاتان ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنی په‌رله‌مان تۆمارکردوە


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان پێی وایه‌ تا ئێستا پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئارامی بەڕێوە دەچێت، راشیگه‌یاند دەیان چاودێری وڵاتان، بە فەرمی ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە. 

ھۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دێن چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و تا ئێستاش ھەردوو وڵاتی ژاپۆن و ئەمریکاش بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ڕێکاری پێویستیان لە کۆمسیۆن ئەنجامداوە و وڵاتانی دیکەش سەرقاڵی خۆتۆمارکردنن و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمیش سەرقاڵی ناردنی ڕێکخراوە بیانییەکانن، لەوانە بەریتانیا چەند ڕێکخراوێکی ناردووە."
 
ھۆگر چەتۆ وتیشی: "لە ڕێگەی ئێمەشەوە نزیکەی 23 چاودێری نێودەوڵەتی بە 12 ناسنامەی جیاوازی وڵاتان خۆیان تۆمار کردووە و ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی ڤیزان بۆیان، لەوانە سێ کەس خەڵکی ئوردن و دوو کەس خەڵکی لوبنان و دوو کەسیش لیبیا و یەکێکی تونسی و یەکێکی یەمەنی و یەکێک خەڵکی تورکیا و دووانیش خەڵکی ئیتاڵیان و دووی دیکە بەریتانیایی و سێ کەسیش خەڵکی ئەڵمانیا و یەکێکیش ئوستوراڵیایی و یەکێکیش نەرویجییە."

سەبارەت بە بانگەشەی ھەڵبژاردنیش، چەتۆ گوتی: "ئێستا بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت و جیاوازی ھەیە لەگەڵ ڕابردوو، کەژاوەی ئۆتۆمبێل و دانانی بنکە و مۆسیقا و ئەوانە نەماوە و باشتر بووە و تەنیا لە ھەندێک شوێن پۆستەردڕاندن هەیە."

بەگشتی 29 لیست و قەوارە و هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی 2018ی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، لەنێویاندا 19 لیست و قەوارە و هاوپەیمانی پێكهاتەکان کێبڕکێ لەسەر 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 111 کورسیین، 100 کورسی گشتیی بۆ لایەنە سیاسییەکان و 11 کورسییەکەی دیکەش بۆ پێکهاتەکانی تورکمان، کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەنەکانە.

بۆ هەڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی پەرلەمانی کوردستان 710 کاندید کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی گشتی پەرلەمان و 63 کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 11 کورسی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان، سریان، ئاشوور و ئەرمەن دەکەن.

له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی كورستنادا، زیاتر لە سێ ملیۆن و 150 هەزار هاوڵاتی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە.


PM:11:44:19/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو