په‌رله‌مانتارێكی کۆمەڵ: ئەگەر بەشێوەیەکی نیشتمانی مامەڵە نەکەین پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەست دەدەین

‌سه‌لیم شوشكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا هیچ لایه‌نێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵ نه‌كردوون له‌سه‌ر پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی نیشتمانیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ نه‌كرێت، پۆسته‌كه‌ له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت".

سه‌لیم شوشكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا كراوه‌، هه‌ندێك پێكهاته‌ی كورد به‌ته‌واوه‌تی پشتگوێ خراون، ته‌نیا حساب بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كراوه‌ و هیچ پۆستێك به‌ لایه‌نه‌كانی تر نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ پێك بێت".

وتیشی: "ئه‌و حكومه‌ته‌ی بڕیاره‌ رابگه‌یه‌ندرێت،  هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو حكومه‌تی بنكه‌ فروانه‌ کە پێکدەهێنرا، چونكه‌ حكومه‌تی تاكڕه‌وانه‌ ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت".

له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان وتی: "پۆستی سه‌رۆك كۆمار گومانی تیانیه‌ پشكی كورده‌، پێویستی به‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك كاندید بكه‌ن بۆ ئه‌و پۆسته‌".

راشیگه‌یاند: "له‌ ئێستادا هیچ كه‌سێك به‌ فه‌رمی داوای له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌كردووه‌ بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، كه‌ به‌پێویستی به‌ گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ سیادییه‌ بۆ كورده‌ و ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی نیشتمانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌جۆرێك كێبڕكێی له‌سه‌ر نه‌كرێت كه‌ پۆسته‌كه‌ له‌ ده‌ست كورد بڕوات".

له‌ باره‌ی خۆتۆماركردن بۆ پۆسته‌كه‌ ئه‌وه‌ی باسكرد، دوا مۆڵه‌ت بۆ ناردنی سیڤییه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق 25ی ئه‌م مانگه‌یه‌، ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ سیڤیه‌كان ره‌وانه‌ بكرێن.

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌لیم شوشكه‌یی وتی: "پێمان وایه‌ له‌ رابردوودا كه‌سێكی باش بووه‌و بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق شیاوه‌".


AM:11:04:18/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو