عه‌بادی فه‌رمان بۆ بڵاوەپێکردنی پاسەوانی سنور له‌سه‌ر سنوری توركیا دەردەکات

‌ ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی له‌ عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

 ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی له‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.

نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلولی 2018، ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی له‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عیراق كۆبونه‌وه‌یه‌كی سازكرد و یه‌كێك له‌و بڕایارانه‌ی ده‌ریكروه‌، بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوره‌ به‌ درێژایی سنوره‌كانی نێوان عیراق و توركیا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ تاوتوێی درێژه‌دان به‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی عیراق و كۆنتڕۆڵكردنی سنوره‌كان و تۆماركردنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ كردوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌كرێته‌سه‌ر ئاسمان و خاكی عیراق.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌دا ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی له‌ عیراق كه‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌ حكومه‌تی به‌غدایه‌، باسی له‌ چۆنێتی رێكخستنی ئه‌ركه‌كانی پۆلیسی فیدڕاڵی چۆنێتی پڕچه‌ككردنی ئه‌و هێزه‌ شابه‌شانی سوپای عیراق كردووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركردوه‌، له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێداچونه‌موه‌ به‌ پێكهاته‌ی رێكخستنه‌كانی پۆلیسی فیدڕاڵی بكات و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش رێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر تۆماركردنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر خاك و ئاسمانی عیراقی ده‌كات و بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی به‌رز بكاته‌وه‌ و دوباره‌ش بیخاته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی.

هاوكات ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕیاریداوه‌ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوری عیراق به‌درێژایی سنوری توركیا بڵاوه‌پێبكات تا سنوره‌كان بپارێزرێن و رێگری بكرێت له‌ هه‌ر پێشێلكارییه‌ك.


PM:09:37:16/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 6897 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت