روسیا توده‌ی: عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ نزیكه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی عیراق رایگه‌یاند كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق نزیكترین كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكی داهاتوی حكومه‌تی عیراق.

سایتی روسیا توده‌ی له‌زاری سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ كێبڕكێ  له‌نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدی و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بووه‌، ئێستاش كورد و شیعه‌ و سوننه‌ كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و پۆسته‌ بگرێته‌ده‌ست.

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شیعه‌كانی عیراقه‌، ئاشكراشیكردوه‌: ئێستا عادل عه‌بدومه‌هدی چاوه‌ڕوانی ره‌زامه‌ندیی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كانه‌ تا ره‌زامه‌ندیی خۆی به‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان بدات عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، عادل عه‌بدوله‌هدی به‌ كوتله‌ سیاسییه‌كانی وتوه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندیی مه‌رجه‌عیه‌ت ئه‌و پۆسته‌ قبوڵ ناكات، چونكه‌ پێشتر مه‌رجه‌عیه‌ت سوربوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانی پێشتر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوون، پله‌وپایه‌ وه‌رنه‌گرنه‌وه‌ و وتبوی: "ئه‌وه‌ی تاقیكرابێته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌".

له‌ دانیشتنه‌كانی رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ 15و16ی ئه‌یلولی 2018، په‌رله‌مانی عیراق ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی نوێی هه‌ڵبژارد و محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌ پشكی سوننه‌ بوو به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و حه‌سه‌ن كه‌ریم له‌ پشكی شیعه‌ و به‌شیر حه‌داد له‌ پشكی كورد بوونه‌ جێگریی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

بڕیاریشه‌ له‌ 25ی ئه‌یلول په‌رله‌مانی نوێی عیراق ده‌رگای خۆكاندید كردن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكاته‌وه‌ و دوای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عیراق كه‌ له‌ پشكی شیعه‌كانه‌.


PM:08:05:16/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 5605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت