شاسوار عه‌بدولواحید: سێ حزب لە پێشمان ماون لەم هەڵبژاردنە ئەوانیش تێدەپەڕێنین و دەبینە هێزی یەکەم

‌ شاسوار عەبدولواحید

وێستگه‌ نیوز ـ
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پارتی‌ و یەکێتی‌ هیچیان پێ نییە بۆ داهاتووی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بۆیە شانازی بە رابردووەوە دەکەن و باسی رابردوو دەکەن، دەشڵێت: "نەوەی‌ نوێ بە چوار مانگ 36 حزبی تێپەڕاند، سێ حزب ماوە و لەم هەڵبژاردنەدا ئەوانیش تێدەپەڕێنین و دەبینە هێزی یەکەم" .


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلولی 2018، جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە سلێمانی پلانی‌ خۆی‌ بۆ چوار ساڵی‌ داهاتووی‌ هەرێمی‌ کوردستان راگەیاند، كە لە 50 خاڵ پێكهاتووە و باس لە چۆنیه‌تی چارەسەركردنی كێشەكانی خزمەتگوزاری و بوارەكانی دیكە دەكات لە ماوەی چوار ساڵدا.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی‌ جوڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، "هاوتەریب لەگەڵ رەخنەگرتن، ئەم پلانەمان داناوە کە تەنها قسە نییە، بەڵکو چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانەکەشمان باسکردووە".

لەوبارەیەشەوە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوانەی‌ لە دەسەڵاتدان هیچ پلانێکیان نەبووە و هیچیان پێ نییە بۆ داهاتوو، بۆیە شانازی بە رابردووەوە دەکەن، ئایا هاوڵاتی کە مووچەی نەبێت و خزمەتگوزاری نەبێت و گەنج بێکاربێت، چی بکەن لە رابردوو؟.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی‌: "هه‌ندێك دوای‌ 27 ساڵ تازە بەڵێنی‌ هەلی کار دەدەن بە هاوڵاتیان لە وڵاتێکدا کە هەمووی‌ کانزا و نەوتە و ئاڵتونە، کە ئەمەش دانپیادانانێکی روون و ئاشکرایە کە دوای 27 ساڵ لە حوکمڕانی ئەوانە، هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو سێ شتەیان نوقسانە".

سەرۆکی‌ جوڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ راشیگەیاند، "ئێمە لەپاڵ باسکردنی‌ رابردووی‌ میللەتەکەماندا باسی داهاتوو دەکەین و هیوا دروستدەکەین و باسی ئەوە دەکەین چۆن کێشەی‌ نیشتەجێبوون و بێکاری‌ و کێشەکانی‌ دیکە چارەسەردەکەین".

سەرۆکی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ باسی لەوەش کرد، دەسەڵات ئامانجی‌ ئەوەیە خەڵک بێهیوا بێت و نەچێت بۆ دەنگدان، بۆیە نابێت خەڵک بێهیوا بێت و پێویستە خەڵک خۆی داهاتوو بونیادبنێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "نەوەی‌ نوێ بە چوار مانگ 36 حزبی تێپەڕاند، سێ حزب ماوە و لەم هەڵبژاردنەدا ئەوانیش تێدەپەڕێنین و دەبینە هێزی یەکەم".

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سەرۆکی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ رایگەیاند، "ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا وەک 12ی‌ ئایار تەزویر کرا و زانیمان گۆڕانکاری‌ ناکرێت، بەڵێنتان پێدەدەم و بە ئاشکرا لە کەناڵەکانەوە دەڵێم ئەم رێگەیە تەواوبووە و لەگەڵ خەڵکی‌ کوردستان رێگەیەکی‌ تر هەڵدەبژێرین".

بڕیاره‌ رۆژی 30ی ئه‌یلولی 2018، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌شه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ لیست و قه‌واره‌كان ده‌ستیپێكردووه‌.

هــ. ر


PM:09:08:15/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 7904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو