ئه‌مریكا به‌ بڕی زیاتر له‌ 2 ملیار دۆلار چه‌ك به‌ كۆریای باشوور ده‌فرۆشێت


وێستگه‌ نیوز - وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ئاشكرایكرد كه‌ بڕیاریداوه‌ به‌ بڕی 2.6 ملیار دۆلار چه‌ك به‌ كۆریای باشوور بفرۆشێت.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ به‌ بڕی 2.6 ملیار دۆلار چه‌ك به‌ كۆریای‌ باشوور ده‌فرۆشێت كه‌ شه‌ش فڕۆكه‌ی چاودێری ده‌ریایی له‌ جۆری پوسایدن پی 8 ئی و 64 موشه‌كی دژه‌ موشه‌كی بالیستی له‌ جۆری پاتریۆت له‌ خۆده‌گرێت.

ده‌زگای هاریكاری به‌رگری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "فڕۆكه‌كانی پوسایدن كه‌ كۆمپانیای بۆینگ دروستی ده‌كات و به‌كارده‌هێنرێت بۆ چاودێریكردنی ژێرده‌ریاییه‌كان و ئه‌ركه‌كانی چاودێریی ده‌ریایی نرخه‌كه‌ی 2.1 ملیار دۆلاره‌".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "سیستمی‌ مووشه‌كی‌ پاتریۆت كه‌ وا دروستكراوه‌ به‌رپه‌رچی موشه‌كی بالیستی بداته‌وه‌ و نرخه‌كه‌ی 501 ملیۆن دۆلاره‌".

ده‌زگاكه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌ كۆنگرێس راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ یارمه‌تی كۆریای باشوور ده‌ده‌ن په‌ره‌ به‌ توانا به‌رگرییه‌ موشه‌كییه‌كانی بدات و پشتیوانی له‌ ئامانجه‌كانی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا بكات له‌ڕێی توانا ده‌ریاییه‌كانی سیئۆله‌وه‌".

له‌ ئێستادا كۆریای باشووری هاوپه‌یمانی نزیكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كۆریای باكووردا گفتوگۆ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، هاوكات واشنتۆنیش هه‌وڵێكی سیاسیی هاوشێوه‌ ده‌دات به‌ مه‌به‌ستی داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمی‌ له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا.


سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز


PM:02:37:14/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2085 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو