مه‌سروور بارزانی: 30ی ئه‌یلول پارتی سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ تۆمار ده‌كات

‌مەسرور بارزانی و کاندیدانی لیستی پارتی لە دهۆک

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌سروور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی بانگه‌شه‌كردنی لیستی 183 پارتی له‌ پارێزگای دهۆك، وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: "30ی ئه‌یلول پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ تۆمار ده‌كات، سه‌ركه‌وتنی و پارتی سه‌ركه‌وتنی كوردستانه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ی ئه‌یلولی 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دهۆك كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ری بۆ ناساندنی كاندیده‌كانی سازكرد.

له‌ وتارێكدا مه‌رسرور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ 30ی ئه‌یلولدا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ تۆمار ده‌كه‌ن.

مه‌سرور بارزانی وتی: "مانگی‌ ئه‌یلول پڕ له‌ ده‌ستكه‌وت بۆ میله‌تی‌ كورد و پارتی‌ وه‌ك ئه‌ندازیار و بنیاتنه‌ری‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بووه‌، له‌ 11ی‌ ئه‌یلولدا، شۆڕشی‌ ئه‌یلول هه‌ڵگیرسا كه‌ مه‌زنترین شۆڕشی‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد بوو، له‌ سه‌رانسه‌ری‌ كوردستان ده‌ستیپێكرد و چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی‌ مه‌زنی‌ بۆ كورد به‌ده‌ستهێنا. له‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ رابردوودا جارێكی‌ دیكه‌ ئیراده‌ی‌ میلله‌تی‌ كورد سه‌ركه‌وت. كاتێك 93 له‌ سه‌دی‌ میلله‌تی‌ كورد ده‌نگی‌ خۆی‌ دا بۆ سه‌ربه‌خۆبوون و دووباره‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستكه‌وتی‌ پارتی‌ بوو".

مه‌رسرور بارزانی وتیشی: "له‌ هه‌موو قۆناغی‌ شۆڕش و رێبازی‌ رزگاریخوازی‌ كوردستان پارتی‌ پێشڕه‌و بووه‌ و سه‌رپشك بووه‌ و له‌ قوربانیدانیشدا پشكی‌ شێری‌ به‌ركه‌وتووه‌، هه‌ربۆیه‌ مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی‌ پارتی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كوردستانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان پشتگیری‌ پارتی‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ به‌هێز بێت له‌ پێناو كوردستانێكی‌ به‌هێزدا".

راشیگه‌یاند: "جارێكی‌ دیكه‌ له‌ 30ی‌ ئه‌یلولدا ده‌چینه‌ سه‌ر سندوقی‌ هه‌ڵبژاردن و به پشتیوانی‌ خودا و ده‌نگی‌ ئێوه‌ ئینشه‌ڵڵا سه‌ركه‌وتنێكی‌ دیكه‌ تۆمار ده‌كه‌ین و بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ ببێته‌ پێشڕه‌وی‌ بزاڤی‌ رزگاریخوازی‌ كوردستان و جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ پارتی‌ بێنه‌ دی‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت: "پار، ئێمه‌ قۆناغێكی‌ زۆر ناخۆشمان تێپه‌ڕاند، ده‌ستكه‌وتی‌ مه‌زنیشمان هه‌بوو، به‌ڵام به‌ خۆڕاگری‌ ئێوه‌ و میلله‌تی‌ كورد به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌ و به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ توانیمان ئه‌و قۆناغانه‌ تێپه‌ڕێنین و جارێكی‌ دیكه‌ پێگه‌ی‌ به‌هێزی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ جیهاندا بچه‌سپێنین و جارێكی‌ دیكه‌ سوپاسی‌ ئه‌و هه‌ڵوێست و پشتیوانی‌ و ماندووبوونی‌ ئێوه‌ بكه‌ین و ئه‌و پشتیوانییه‌تان له‌ پارتی‌ بۆ ئێمه‌ جێی‌ شانازییه‌ و سوپاسی‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین".

روونیشیكرده‌وه‌: "چه‌ند مانگێك پێش ئێستا، هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ئه‌نجامدرا و به‌ پشتیوانی‌ ئێوه‌ پارتی‌ بووه‌ یه‌كه‌م حزب له‌ ئاستی‌ عیراق و زیاترین كورسی‌ وه‌ك حزب له‌ ئاستی‌ عیراق به‌ده‌ستهێنا، جارێكی‌ دیكه‌ سووپاس بۆ وه‌فا و ماندووبوون و هه‌ڵوێستی‌ ئێوه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلولی 2018، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و پارتیش له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێشوودا 38 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بوو و له‌ ئێستادا هێزی یه‌كه‌می كوردستانه‌.

هــ. ر


PM:12:27:13/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو