به‌ڤیدیۆ... جۆرج بوش چۆن هه‌واڵی هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری پێگه‌یشت؟
وێستگه نیوز -
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا یادی 17 ساڵه‌ی خراپترین هێرشی تیرۆریستی بۆسه‌ر ئه‌و وڵاته كرده‌وه كه تیایدا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س كوژران، دۆناڵد تره‌مپیش به‌ڵێنی دا هه‌رچی له‌ده‌ستی بێت بیكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه دووباره نه‌بێته‌وه.
رۆژی یازده‌ی سێپتەمبه‌ری ساڵی 2001 ژماره‌یه‌ك هێرش كرانه سه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، نه‌ك هه‌ر ئه‌و وڵاته‌ی هه‌ژاند به‌ڵكو جیهانیشی توشی شۆكێكی گه‌وره كرد.
ئا له‌و ڕۆژه‌دا چه‌كدارانی رێكخراوی ئه‌لقاعیده چوار فڕۆكه‌یان رفاند، دووانیان خۆیان كێشا به باڵه‌خانه‌كانی ناوه‌ندی بازرگانی جیهانی له نیویۆرك و یه‌كێكیشیان خۆی كێشا به وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن)و چواره‌میشیان پێده‌چێت هه‌وڵی هێرشكردنه سه‌ر كۆنگرێس یان كۆشكی سپی هه‌بووبێت، به‌ڵام له په‌نسلڤانیا كه‌وته خواره‌وه.
له ساڵیادی ئه‌و هێرشانه‌دا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه "كارده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان تووشی كاره‌ساتێكی هاوشێوه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر نه‌بێته‌وه".
تره‌مپ وتی: "هه‌رچی له ده‌سه‌ڵاتمدا بێت ده‌یكه‌م بۆ رێگریكردن له ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆسه‌ر ئه‌مریكا".
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و یاده‌دا رۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ئه‌و ساته‌یان بڵاوكرده‌وه كه جۆرج ده‌بلیو بوش سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا له هێرشه‌كان ئاگادار ده‌كرێته‌وه.
له كاتی هێرشی یه‌كه‌مدا بۆسه‌ر تاوه‌ری باكوور، جۆرج ده‌بلیو بوش له‌گه‌ڵ قوتابیانی قوتابخانه‌ی ئیما ئی پوكه‌ری سه‌ره‌تایی له ساراسوتای ویلایه‌تی فلۆریدا بوو.
له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا ئه‌ندرۆ كارد گه‌وره‌كارمه‌ندی كۆشكی سپی ده‌رده‌كه‌وێت كه قسه‌كان به بوش ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه ئاگاداری بكاته‌وه.
دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی له هێرشه‌كه، بوش به خێرایی كۆتایی به وتووێژه‌كانی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كاندا هێنا و به‌خێرایی چووه پۆلێكی تر كه چۆڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ دواگۆڕانكارییه‌كان بكات.
له پۆله‌كه‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بچووككراوه له‌نێوان بوش و ئه‌و یاریده‌ده‌رانه‌ی به‌ڕێوه‌چوو كه بۆ قوتابخانه‌كه یاوه‌ری بوون و سه‌رۆك ژماره‌یه‌ك په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ئه‌نجامدا تا ئاگاداری دواگۆڕانكارییه‌كانی هێرشه‌كه بێت.
دوای تێپه‌ڕبوونی ده‌یه‌یه‌ك به‌سه‌ر هێرشه‌كه‌دا، هێزه‌كانی ئه‌مریكا به فه‌رمانی باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌وكات له ئایاری 2011 و له پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیدا ئوسامه بن لادن سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده و پیلاندانه‌ری هێرشه‌كه‌یان كوشت.
PM:07:51:11/09/2018
ئه‌م بابه‌ته 11937
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت