ههولێر.. هۆشداری دهدرێته خاوهنی 80 پڕۆژه
هەولێر-پایتەختی هەرێمی کوردستان
وێستگه نیوزـ
وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ئاشكرایكرد، هەفتەیەک مۆڵەتمان بە خاوەن پڕۆژە تهوانهكراوهکان داوە سەردانی شارەوانی بکەن.
ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە و باڵەخانە بە ھۆکاری جیاواز تەواو نەکراون، لهوبارهیهوه ئەندازیار کرمانج دەشتەکی، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر رایگهیاند: "لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا پێکھاتووە و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش تێیدا بەشدارە بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەکاندا."
دەشڵێت: "زۆرن ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکراون، بەتایبەتی ئەوانەی بە شێوەی موساتەحە دراون بە بازرگانان و نەیانتوانیوە تەواوی بکەن، بێگومان شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کردووە و دەشبێت پابەند بن بەو گرێبەستەوە."
ئەندازیار کرمانج دەشتەکی ئاماژەی بهوهشکردووه: "لە قۆناغی یەکەمدا لیژنەکە ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتی داوە بە 28 پڕۆژە تا سەردانی شارەوانی بکەن و دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان بکەن، بەپێچەوانەوە ھەرکەسێک پابەند نەبێت ئەوا حکومەت ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگرێتەبەر."
وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر مەبەستی حکومەتی لەو ھۆشدارییە ئاشکرا کرد و وتی: "دوو مەبەستی سەرەکیمان ھەیە، یەکێک ئەوەیە تا دەرفەتی کار بڕەخسێت بۆ گەنجان و ھاوڵاتییان، مەبەستی دووەم ئەو دیمهنه ناشیرینانەی ھەندێ باڵەخانەیه كه سیمای پایتەختیان شێواندوە".
ئاشكراشیكرد كه لە قۆناغی دووەمدا جگە لەو 28 پڕۆژەیە 50 پڕۆژەی دیکە ھۆشدارییان دهدرێتێ تا پابەندی تەواوکردنی پڕۆژەکانیان بن.
AM:09:41:15/08/2018
ئهم بابهته 5196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت