سبه‌ینێ‌ دادگاییكردنی وه‌زیری بازرگانی حكومه‌تی عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت


وێستگه‌ نیوز –
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی دووه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی وه‌زیری بازرگانیی حكوومه‌تی عیراق له ‌به‌غدا به‌ڕێوه‌ بچێت له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی.


به‌شار مشیر ئاغا ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵی ‌په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "بڕیاره‌ سبه‌ی 15ی مانگ له ‌به‌غدا دووه‌مین دانیشتنی دادگا له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ نیوه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "حكومه‌تی عیراق غه‌درێكی گه‌وره‌ی له ‌جووتیاران كردووه‌ و سه‌ره‌ڕای دواخستنی، ئێستا پاره‌كه‌یشی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌".

به‌شار مشیر ئاغا وتی: "خه‌رجنه‌كردنی پاره‌ی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان پرسێكی سیاسییه‌ و بڕوا ناكه‌م دادگا سبه‌ی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی عیراق موماته‌ڵه‌ به‌و كاره‌ ده‌كات".

وتیشی‌: "بۆیه‌ ره‌نگه‌ سبه‌ینێش دانیشتنه‌كه‌ دوا بخرێت و بڕیاری له‌باره‌وه‌ نادرێت، چونكه‌ كه‌یسه‌كه‌ له ‌به‌رژوه‌ندیی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانه".

حكومه‌تی عیراق تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 500 ملیار دیناری جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، هی ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016ی خه‌رج نه‌كردووه‌ و ئێستاش بڕیاری داوه‌ ته‌نیا نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ خه‌رج بكات، بۆیه‌ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق و خودی وه‌زیری بازرگانی تۆمار كردووه‌ و له‌ ماوه‌ی رابردوودا یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڵام بۆ 15ی ئه‌م مانگه‌ دوا خرا.


PM:11:50:14/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو