میدیاكانی پارتی: راوێژكاره‌ ئه‌مریكاییه‌كان له‌ شنگال كشانه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەزای شنگال رایگەیاند، ئەمڕۆ تەواوی ئەو ڕاوێژکارە ئەمریکاییانەی لە شنگال بوون، کشانەوە.

سەعد حەمۆ، چالاکوانی سیاسی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "تەواوی ئەو ڕاوێژکارانەی ئەمریکا کە لە شنگال بوون کشانەوە و هیچیان نەمان"، وتیشی: "ئەو ڕاوێژکارانە لە ناوچەی ئوجرێس کە دەکەوێتە باشووری ناوچەی گرعزێری باشووری  قەزای شنگال خۆیان جێگیر کردبوو، بە چەند هێزێکیشەوە کشانەوە." 

هاوكات شوکر ملحم، کە حەشدی شەعبی بە بەڕێوەبەری ناحیەی گرعزێر دایناوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: "پێش چەند ڕۆژێک لیوای 37ی عیراق کە پاسەوانی ئەو هێزە ئەمریکاییەی دەکرد کشانەوە، کەچی ئەمڕۆ ئەو هێزە ئەمریکاییەش کشایەوە."

شوکر ملحم وتیشی: "تائێستا کەس نازانێت ئەو هێزە ڕاوێژکارییە ئەمریکاییەی هاتبوونە ناوچەی ئوم زیبان و ئوم جرێس مەبەستیان چی بوو، بەڵام چەند هەفتەیەک مانەوە و دواتر کشانەوە."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌  هەندێک چاودێری سیاسی "بوونی ئەو هێزە ڕاوێژکارەیان لە شنگال بۆ ئەوە دەگەڕاندوە کە جموجوڵی داعش لە سنوری سوریا و عیراق هەیە بۆ ئەوەی زانیارییان هەبێت دەربارەیان و کەمبوونی نفوزی وڵاتانی ئیقلیمی لە شنگال و ناوچەکەش."


PM:05:37:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت