خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌ زانكۆكانی هه‌رێم وه‌رده‌گیرێن


وێستگه‌ نیوز -

 به‌ئامانجی كارئاسانیكردن بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی هه‌رێم، بڕیاردرا وه‌ك ساڵانی پێشوو سه‌رجه‌م خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگیرێن.

عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند: "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌سه‌ر راسپارده‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كارئاسانی ته‌واوی كردوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌ خوێندنگه‌ كوردییه‌كان ده‌خوێنن بۆ وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: "بۆ ئه‌مساڵی خوێندنی 2018-2019 وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م خوێندكارانی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌مان كۆنمره‌ی وه‌رگیراوی خوێندكارانی هه‌رێم".

عه‌باس ئه‌كره‌م راشیگه‌یاند كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی له‌ كوردستان شایسته‌ی خزمه‌تن له‌ هه‌موو بوارێكه‌وه به‌تایبه‌تی له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا، به‌م شێوه‌یه‌ش‌ بۆ یه‌كه‌م جار‌ له‌ مێژوی ناوچه‌كه‌‌ توانرا ده‌رچوانی خوێندنی كوردی هه‌مان مافی ده‌رچوانی هه‌رێمیان هه‌بێت و، به‌ هه‌مان مه‌رج له‌ زانكۆكانی هه‌رێم وه‌ربگیرێن، به‌وه‌ش توانرا كێشه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان له‌ زانكۆكانی هه‌رێم به‌ یه‌كجاری چاره‌سه‌ر بكرێت،

وتیشی: "له‌كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا  و توێژینه‌وه‌ی زانستی تا ئێستا نزیكه‌ی (5000) پێنج هه‌زار خوێندكاری ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌مه‌ش وای كرد ببێته‌ هاندانێك بۆ خانه‌واده‌ كورده‌كانی كه‌ركوك تا منداڵانی خۆیان بۆ خوێندنی كوردی بنێرن و خوێندنی كوردی‌ له‌و ناوچانه‌ به‌رده‌وامی پێبدرێت".‌


PM:05:33:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو