یەكەم كاردانەوەی گۆڕان بۆ پڕۆژە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی لە بەغدا


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند کە حزبەكەی بەشداری پڕۆژەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی ناكات بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی عیراق.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند، بۆ بڕیاردان لە هەر پڕۆژەیەك دەبێت جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدات، بەڵام پێیوایە گۆڕان بە پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناڕوات بۆ بەغدا، چونكە ئەوان سەرنج و تێبینیان لەسەر ساختەكاری هەڵبژاردنەكان هەبووە.

وتیشی "ناكرێت لەگەڵ ئەو كەسانەی بە ساختە بوونەتە پەرلەمانتار، ئێمە پڕۆژەی هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەبێت، چونكە ئێمە ئەوانە بە نوێنەری راستەقینەیان نازانین، لەبەرئەوە پڕۆژەی هاوبەشیشمان لەگەڵیان نابێت".

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەڕێوەچوو، دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: "پرۆژه‌یه‌كمان بۆ گفتوگۆی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیره‌وه‌ بچینه‌ به‌غدا".

سەعدی پیرە ئەوەشیخستەڕوو کە: "داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌ باشوری عیراق ره‌وایه‌و ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی خه‌ڵكین بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان، له‌ رابردووشدا هه‌وڵدان بۆ گه‌مارۆدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبژاردن بشێوێنرێت و عیراقیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌چوه‌."

هاوكات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌رگای گفتوگۆمان بۆ هه‌موو لایه‌ك كراوه‌یه‌و به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌".


PM:03:46:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 3812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو