ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان داوایەك لە هاوڵاتیان دەكات

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە ماوەی مانگێكدا سەردانی بنكەكانیان بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2018، بەرپرسانی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد، د.رێبین ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، تۆمارێكی نوێی دەنگدەران دانراوە و لە رۆژی 11-7-2018یشەوە بۆ ماوەی مانگێك 84 بنكەی لاوەكی لە سەنتەری سلێمانی و دەوروبەری كراونەتەوە تا هاوڵاتیا سەردانیان بكەن بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی ناوەكانیان تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكەن رۆژانە لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 4ی پاشنیوەڕۆ سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ جەختكردنەوە لە ناوەكانیان.

لەوەڵامی پرسیارێكی وێستگە نیوز سەبارەت بە دامەزراندنی پەنجا هەزار كارمەندی كاتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن، د.رێبین ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكرد تائێستا هیچ رێنماییەك بۆ ئەو مەبەستە لە ئۆفیسی سەرەكییەوە بۆیان نەهاتووە، بەڵام سەرەتای مانگی داهاتوو رێنماییان بۆ ئەو مەبەستە پێبگات.

ئێوارەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی نوێنەری قەوارەكان، ژمارە دەدرێتە ئەو لیست و هاوپەیمانییانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشدار دەبن.

هــ. ر


PM:12:07:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو