سوپای پاسداران: دوو تیمی "تیرۆریستی"مان لەناو بردووە


وێستگه‌ نیوز ـ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە دوو تیمی "تیرۆریستی" لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ببەن.


ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ بە یارمەتی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران توانیویانە لە دوو ئۆپراسیۆندا دوو تیمی نەیاری حکومەتی ئێران و دژ بەو وڵاتە لەناو ببەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو ئۆپراسیۆنانەدا دوو ئەندامی دژە شۆڕشی ئێران کوژراون و چەند کەسی دیکەش دەستگیرکراون، دەستیش گیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و رومانە و کەلوپەلی سەربازیدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو تیمە بە پێشنیاز و پاڵپشتی تایبەتی هەندێک لە وڵاتان و بەمەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی "تیرۆریستی" و تێکدەرانە چوونەتەناو خاکی ئێرانەوە.

تا ئێستاش حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نەیاری حکومەتی ئێران هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران (حدکا) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە 14ی ته‌مموزی 2018، شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان سوپای پاسداران و هێزێکی "شۆڕشگێڕ" لە کوێستانەکانی سەردەرەی بناری شاهۆ لە نزیک شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان روویداوە و لەو شەڕەدا دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوابەدوای ئەو رووداوە هێزیکی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران رەوانەی ئەو ناوچەیە کراوە و شوێنی رووداوەکەش بەچڕی بۆردومان کراوە.

هــ. ر


AM:08:34:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو