ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نییه‌

‌مووچەخۆران چاوەڕوانی پارەکەی بەغدان

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە، كە بەهۆی تەرخانكردنی پارەیەكی زۆر بۆ پارێزگاكانی باشوری عیراق و بەتایبەتی بەسرە، حكومەتی عیراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رابگرێت، به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.


خۆپیشاندانه‌كانی عیراق كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و پارێزگاكانی باشوری عیراقی گرتووه‌ته‌وه‌، فشارێكی زۆریان لەسەر حكومەت دروستكردووە، ئه‌مه‌ش وایكرد دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق حه‌وت بڕیاری لەسەر خۆپیشاندانەكان دەركرد، كە زۆربەی پەیوەندی بە پارە و باشكردنی ژیانەوە هەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕی سێ‌ ترلیۆن و 500 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری ناوچەكانی باشوری عیراق و دۆزینەوەی هەلی كار و باشكردنی ژیانی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاری باش.

دوای بڵاوبونەوەی ئەو بڕیارانە دەنگۆی ئەوەش بڵاوبوه‌تەوە، كە حكومه‌تی عیراق چیتر پابەندنابێت به‌ناردنی 317 ملیار دیناری مانگانه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و پارەكە تەرخان دەكرێت بۆ باشوری عیراق.

لای خۆیه‌وه‌ مەدینە شه‌رنخی، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز وتی: "ئەوانەی لەوبارەوە دەوترێن دەنگۆن و هێشتا نەبون بە نوسراو یان لێدوانی فەرمی".

مه‌دینه‌ ئه‌یوب، ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی رێككەتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا، مانگانە بەغدا بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت.

رۆژی 18ی ئازاری ئەمساڵ، حكومەتی عیراق یەكەم قۆناغی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نارد، كە بڕەكەی 317 ملیار و 565 ملیۆن دینار بوو، مانگانەش لەو كاتەدا ئەو بڕە پارەیە نێردراوە و بەهۆیەوە نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بەسیستمی نوێ‌ پێ‌ دراوە.

مه‌دینه‌ ئه‌یوب ئه‌وه‌شی وت: "تا ئێستا نازانین كه‌ی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان".


PM:06:50:15/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 12694 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو