نه‌وه‌ی نوێ: هیوادارین خۆپیشاندانەکان ببنە سەرەتای گۆڕانکاری لە عیراق و هه‌رێم


وێستگه‌ نیوزـ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق راگه‌یاند و خوازیاره‌ خۆپیشاندانەکان ببنە سەرەتای گۆڕانکاری لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەیەکدا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق ده‌ریكردوه‌، جوڵانەوەی نه‌وه‌ی نوێ هیوای خواستوه‌ "ئەم خۆپیشاندانانە ببێتە سەرەتای گۆڕانکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی لابردن و دورخستنەوەی ئەو کۆمەڵە سیاسیە تەقلیدیانەی کە عیراق و هەرێمی کوردستانیان بەمرۆ گەیاندوە."

جوڵانه‌وه‌كه‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌ی تایبه‌ت كردوه‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كورستان و ده‌ڵێت: "داواکارین کە هاوڵاتیانی کوردستانیش خۆیان ئامادە بکەن بۆهەر گۆڕانکاریەک کە لە داهاتودا رودەدات."

دەقی بەیاننامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتیوانی خۆی رادەگەێنێت بۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق و هیوادارین ئەم خۆپیشاندانانە ببێتە سەرەتای گۆڕانکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی لابردن و دورخستنەوەی ئەو کۆمەڵە سیاسیە تەقلیدیانەی کە عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەمرۆ گەیاندوە، وە داواکارین کە هاوڵاتیانی کوردستانیش خۆیان ئامادە بکەن بۆهەر گۆڕانکاریەک کە لە داهاتودا رودەدات.

هەروەها جوڵانەوەکە خوازیارە کە جەماوەری ئازا و خەڵکی بوێری کوردستان بە ورەیەکی بەرز و ئیرادەیەکی بەهێزەوە برواننە داهاتو و هەمومان پێکەوە بریار لە سەر گۆڕینی داهاتوی خۆمان بدەین و ئەم دۆخ و گوزەرانە خراپە تێپەڕێنین، کە ئەویش تەنها بە کاری پێکەوەیی جەناوەری و گێڕاندنەوەی هیوا دەبێت بۆ تاک بە تاکی وڵاتەکەمان.

بۆ ئەم مەبەستەش نەوەی نوێ و سەرکردایەتی جوڵانەوەکە هەمیشە ئامادەیە کە شان بە شانی هاوڵاتیان داوای مافی خۆمان بکەین و برژێینە سەر شەقامەکان و کاریش دەکەین بەرەو ئەو ئاراستەیە.

لە کۆتاییدا دەمانەوێت بیری هەمو لایەک و هەر دوو دەسەڵاتی عێراقی و هەرێمی کوردستانی بهێنینەوە کە رابردوو سەلماندوێتی داخستنی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بە کارهێنانی زەبر و توندوتیژی، نەیتوانیوە رژێمە ستەمکار و خراپەلانی دونیا بهێڵێتەوە لە دەسەڵات.

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
15-7-2018


PM:06:44:15/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو