په‌رله‌مانتارێكی‌ پێشووی‌ پارتی‌: عیراق به‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات


وێستگه‌ نیوز ـ
په‌رله‌مانتارێكی‌ پێشووی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ عیراق به‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات، هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی داهاتووی ئه‌و وڵاته‌ به‌م زووانه‌ پێك نه‌هێندرێت، ره‌وشه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت.

 نه‌دا مێرگه‌سۆری، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی‌ وتی: "ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی عیراق پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12 مانگی 5، گۆڕانكاریی به‌سه‌ر باردۆخی عیراقدا هێناوه‌".

وتیشی‌: "عیراق به‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات، به‌ تایبه‌تی كه‌ نێو ماڵی شیعه‌ وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ و دووبه‌ره‌كی كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پاش ساڵی 2014 ته‌وافوق، ته‌وازن و شه‌راكه‌ت له‌ عیراقدا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ عیراق به‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ پێشووی‌ پارتی‌ هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی داهاتوو له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پێك نه‌هێنرێت، ره‌وش خراپتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێت حكومه‌تی دابێ، حكومه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو تاكێك بكات، ئه‌گه‌رنا بارودۆخه‌كه‌ خراپتریش ده‌بێت".
 
نه‌دا مێرگه‌سۆری باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "له‌ 1/7ـه‌وه‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ته‌واو بووه‌ و عیراق كه‌وتووه‌ته‌ بۆشایی یاساییه‌وه‌، پێویست بوو تا ئه‌و كاته‌ په‌رله‌مانتارانی نوێ ده‌ستبه‌كار بوونایه‌، به‌پێی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و بڕیاری دادگا، كه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بۆ خۆی به‌ جۆرێك ئه‌و بڕیاره‌ لێك ده‌داته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان سێ مانگ ده‌خایه‌نێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق دوا بكه‌وێت".

راشیگه‌یاند كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق ده‌بێت".


AM:09:15:15/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو