بانگخوازهكهی ناو كچان دهستگیركرا
وێستگه نیوزـ
سهرلهبهیانیی ئهمڕۆ چوارشهممه 11ی تهمموزی 2018، لە پێنج پارێزگای تورکیا، ئۆپەراسیۆن بە مەبەستی دەستگیرکردنی 235 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی لە رێکخراوی عەدنان ئۆکتار، ئەنجامدرا و تیایدا ئۆكتار، کەسایەتی ناسراوی تورکیا، کە خۆی بە بانگخوازێکی ئایینی دهزانێت ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئهستنهبوڵ، بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی رێکخراوی عەدنان ئۆکتار درێژەی هەیە.
ئاژانسی ههواڵی ئهنادۆڵ ئاشكرایكرد كه لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی رێکخراوەکە لهسهر ئهم تۆمهتانهیه: دامەزراندنی رێکخراو لە پێناو ئەنجامدانی تاواندا، دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵان، پەلاماردانی سێکسیی، پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ نەوجەواناندا، رفاندن یان دەستبەسەرکردنی منداڵان، گێچەڵی سێکسی، زەوتکردنی ئازادی تاکەکان، سیخوڕیی سیاسیی و سەربازیی، فێڵکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی بیروباوەڕی ئایینی، سپیکردنەوەی پارەی تاوانەکان، پێشێلکردنی نهێنی ژیانی تایبەت، ساختەکاریی لە دۆکیومێنتی فەرمییدا، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەڕەشە، زۆرلێکردن، تۆمەت هەڵبەستن، سارکردنەوەی خەڵک لە خزمەتی سەربازیی، سووکایەتیکردن، هەڵبەستنی تاوان، شایەتی درۆ، هەڵخەڵەتاندنی بە پلان، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی، پێشێلکردنی یاسای باج، بەرتیل، رێگرییکردن لە مافی پەروەردە و فێرکردن، ئازاردان، تۆمارکردنی زانیاریی تاکە کەسیی، رێگرییکردن لە بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان، پێشێلکردنی یاسای پارێزگارییکردن لە خێزان و رێگرییکردن لە توندوتیژیی دژی ژنان" دەگرێتەوە.
ئۆپەراسیۆنە هاوکاتەکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی 235 گومانلێکراو لە پێنج پارێزگا کە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئهستهنبوڵه و عەدنان ئۆکتار یەکێکە لە گومانلێکراوەکان، درێژەیان هەیە.
عەدنان ئۆکتار کە بە "هارونە یەحیا"یش ناسراوە و بانگەشەی بانگخوازی ئایینی بەشێوازێکی جیاواز دەکرد، لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا.
لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس و ئاسایشدا بە پشتیوانیی کۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر ماڵەکەی ئۆکتار لە ئیستەنبووڵ ئەنجامدرا. ئۆکتار و پارێزگارانی سەرەتا خۆیان بەدەستەوە نەداوە و گرژی دروستبووە، بەڵام دواجار دەستگیرکراوە و راپێچی بارەگای ئاسایش کراوە.
پێشتر چهندین وێنه و گرتهی ڤیدیۆیی عهدنان ئۆكتار بڵاوكراوهتهوه كه خۆی بە پیاوی ئایینی ناساندوە و ستایلێکی جیاوازی بۆ بانگخوازی بەکاردەهێنا، ئۆکتار جیاواز لەو شێوازانەی تا ئێستا بینراون، چەند خانمێکی شۆخوشەنگی لە دەوری خۆی کۆکردوەتەوە و باسی بنەماکانی ئایینی ئیسلامی بۆ دەکردن.
ئەم هەنگاوەی عەدنان ئۆکتار بووە مایهی مشتومڕ له تورکیا، تا كار گهیشته ئهوهی گهوره بهرپرسانی ئەنقەرە داوا لە موسڵمانان بكهن گوێ بۆ وانەکانی نەگرن.
عەدنان ئۆکتار، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپێکی ئیسلامی بوو بە ناوی جەماعەی تورکی، ئەم گروپە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی رۆژ دەدات سەبارەت بە ئایینی ئیسلام و، گرنگییەکی زۆر دەدات بە بەرانگەربوونەوەی ئاتێیزم و داروینیزم و سایۆنیزم.
یەکێک لەو خەسڵەتانەی ئەم گروپەی لەوانەی دیکە جیادهكرده وه، بۆچونەکانی عەدنان ئۆکتار بون سەبارەت بە شێوەی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی ژن. ئۆکتار پێیوایە پێویستە ژن لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا کارابن و لە گروپەکەی خۆیدا پێگەیەکی سەرەکییان دەداتێ.
ئۆكتار جیاوازیی لە نێوان ژنانی داپۆشراو و دانەپۆشراو نهدهكرد و راشکاوانەش دهیوت کە پێی خۆشە لەگەڵ ژنی شۆخ و شەنگ دابنیشێت.
خوێندکارە شۆخ و شەنگەکانی ئۆکتار رای گشتی ئەو وڵاتەیان بە خۆوە سەرقاڵکردبوو و رۆژانە لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینران.
گروپهكه لە نزیکەی 300 کەس پێکهاتووە، كە بە دهیان کەسانی پسپۆڕی لە خۆگرتبوە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژیا و نزیکەی 285 کتێبیان لەسەر چەند بابەتێکی جیاواز بڵاوکردوەتەوە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی دهیان فیلمی دۆکیۆمێنتاری و بەڕێوەبردنی چەند ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی کە مەبەست لەم بەرهەمانە، گوایه بانگهێشتکردنی خەڵک بوو بۆ ئایینی ئیسلام.
عەدنان ئۆکتار، شانبەشانی باسکردنی بنەماکانی ئایین و ئاماژەدان بە قورئان و سوننەت لەهەمان کاتدا گۆرانی دهوت و سەماشی دهكرد، خۆشی له پرسه سیاسییەکانی وڵاتهكهشی ههڵقورتاندوه و رای خۆشی سەبارەت بە پرسه گرنگەکان دهوت.
PM:04:04:11/07/2018
ئهم بابهته 20615
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت