وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل: دروستبونی په‌یوه‌ندیی نێوان ته‌لئه‌بیب و سوریا ئه‌سته‌م نییه‌

‌کاتی سەردانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ بەرزاییەکانی جۆلان

وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە بە دوری نازانێت ڕۆژێک بێت پەیوەندی نێوان ئۆرشەلیم و دیمەشق دروستببێت تەنانەت ئەگەر بەشار ئەسەدیش لەسەر دەسەڵات بێت.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل سەردانی خاڵە سەربازیـیەکانی سوپای وڵاته‌كه‌ی لە بەرزایـیەکانی جۆلان كرد و لە لایەن ڕۆژنامەوانێکەوە پـرسیاری لێکرا، ئایا ڕۆژێک دێت دەروازەی قونەیتەرەی جۆلان له‌نێوان ئیسرائیل و سوریا بکرێتەوە کە وەک چۆن بەپـێی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات باسی لێکراوە، ئایا دەکرێت جۆرە پەیوەندیـیەک لە نێوان هەردوو وڵات هەبێت؟

لە وەڵامدا وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل وتی" پـێموایە زۆر لەمە دورین، بەڵام هیچ شتێکیش بە دور نازانین"، هەڵوێستی توندی ئیسرائیلشیی بەرامبەر سوریا نیشاندا و وتی" هەر سەربازێکی سوری بێتە ناوچەی چۆڵکراوی نێوانیان ئەوا ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیـیەوە.

تەنانەت ئەوەشی لەسەر تویتەرەکەی خۆی دوپاتکردووەتەوە و نووسیویەتی" لەگەڵ فەرماندە سه‌ربازییه‌كان سەردانی باکری وڵاتمان کرد. ئێمە لای خۆمانەوە بە تەواوی پابەندی ڕێكکەوتننامەی ئیسرائیل و سوریای ساڵی 1974 دەبین. بەڵام هەر سەربازێکی سوری لە ناوچەی دابڕاوی نێوانمان بوەستێت ئەوا ژیانی دەکەوێتەبەر مەترسیـیەوە، هەروەها کاردەکەین لە دژی هەر گروپێكی تێرۆرستی ئەگەر بزانین لە ناوچەکەدا هەبێت."


هەرچەندە ئیسرائیل بێ لایەن بووە لە شەڕی ناوخۆی سوریا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هێرشی ئاسمانی لە دژی حزبوڵای لوبنان و ئێران لە ناو سوریا ئەنجامداوە. 

ئیسرائیل بوونی ئەو گروپە و ئێران لە سوریا بە جێی مەترسـیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی ده‌زانێت، بۆیە ئەگەر  دیمەشق کۆتایی بەو پەیوەندیـیە توندانەی لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا بهێنێت و چیتر جێی هەڕەشە نەبێت بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا ره‌نكگه‌ ئۆرشەلیم سیاسەتی خۆی بەرامبەر بگۆڕێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ مۆسکۆ کە بڕیارە ئه‌مڕۆ چوارشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی روسیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەی سوریا.


AM:08:25:11/07/2018






ئه‌م بابه‌ته 1554 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت