ئه‌مریكا هۆشداری له كڕینی نه‌وتی ئێران ده‌دات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
وێستگه نیوز –
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هۆشداری دا له كڕینی نه‌وتی كۆماری ئیسلامی ئێران له دوای 4ی تشرینی دووه‌می داهاتوو و به‌پێشێلكردنی سزاكانی سه‌ر ئێرانی ده‌زانێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه مایك پۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپا به‌نیازن به‌رده‌وام بن له هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێران ته‌نانه‌ت دوای ده‌ستپێكردنی سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته، لێدوانی بۆ رۆژنامه‌نووسان دا.
مایك پۆمبیۆ وتی: "كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین وڵاتانی جیهان پابه‌ندبن به‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌یسه‌پێنین".
وتیشی: "كڕینی نه‌وتی ئێران له دوای ده‌ستپێكردنی جێبه‌جێكردنی سزاكان، به‌پێشێلكاری ده‌زانین".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "له دوای 4ی تشرینی دووه‌م سزا داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی رێ له هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بگرین بۆ وڵاتانی تر بگرین".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "سزا به‌سه‌ر ئه‌و جۆره چالاكییانه‌دا ده‌سه‌پێنین و به توندی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین".
رۆژی 8ی ئایاری رابردوو دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند، كه له‌ساڵی 2015 له‌نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا كرابوو و وتی: "ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌یتوانیوه چالاكییه‌كانی ئێران بۆ ئاڵۆزكردنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه بوه‌ستێنێت".
تره‌مپ ئاشكرایكرد كه "دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و رێككه‌وتنه راسته‌وخۆ سزا لادراوه‌كانی سه‌ر ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه و سزای نوێتریش به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌پێنین".
دوای كشانه‌وه‌ی له رێكه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه، ئه‌مریكا بڕیاری دا سزای توندی ئێران بدات و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیاره له 4ی تشرینی دووه‌می داهاتوو سزاكان بچنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه كه دیارترین رێگریكردنه له هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئێران بۆ بازاڕه‌كانی جیهان و سزادانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ئێران كارده‌كه‌ن.
PM:10:31:10/07/2018
ئه‌م بابه‌ته 1804
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت