چەند زانیارییەکی گرنگ له‌سه‌ر دووپشک کە تا ئێستا نەتبیستووه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
دووپشک گیاندارێکی سەرسووڕهێنەرە، کە بەشەوان لە ئارامییدا خەریکی زیندەچالاکیی خۆیەتی، ئەم جومگەدارە هەرچەند زۆر ترسێنەر دیارە بەڵام هەمیشە جێگەی سەرنجی مرۆڤ بووە.


جۆرەکانی دووپشک

نزیکەی 200 جۆر دووپشک لەسەرانسەری جیهاندا هەن، لەناو ئەمانەدا تەنها 20 جۆری ژەهراویین‌ و دووپشکی سووری هندی ژەهراویترینیانە، کە لە هندستاندا لە نێوان سه‌دا 40ی پێوەدانەکانی کوشەندەیە.

دووپشک بۆ پێوەدەدات؟؟

ترسناکترینی جۆری دوپشک لەکاتی پێوەداندا هەموو ژەهرەکەی ناکاتە نێو لەشی قوربانییەوە، چونکە بۆ دروستکردنی ژەهر پێویستی بە خۆراکی زۆر هەیە، هەر بۆیە دەستی پێوە دەگرێت، ئامانج لە پێوه‌دانیش تەنها دوورخستنەوەی به‌رانبه‌ره‌كه‌یه‌تی.

ئایا خۆراکی دوپشک چییە؟؟

دووپشکەکان دوای راوکردنی، قاڵۆنچە تا بۆق، سەرەتا پێیانەوە دەدەن دوای ئەوە دەستدەکەن بەخواردنیان، بەدەردانی ئانزیمێک خۆراکەکە دەکەن بەشلە. لەبەشی دەمدا هەندێک ریشاڵیان هەیە وەک فیلتەر کاردەکات‌ و پێشگیری دەکات لە چوونی خۆراکی وردەی رەق بۆ نێو قورگ، چونکە دەبێت خۆراک ببێت بەشلە، هەر بۆیە شتە رەقەکان، بەشێوەی گڵۆڵە، تفدەکاتەوە.

دووپشک پێویستی بەئاو هەیە، لەناوچە تەڕەکاندا بەجیا ئاودەخواتەوە و لەناوچە وشکەکاندا لە لەشی راوەکە ئاو وەردەگرێت، دووپشک لەبەرامبەر تینۆیەتی‌ و برسیەتییدا زۆر بەرگە دەگرێت، دەتوانێت چەندین مانگ بێ ئاو و خۆراک بژێت.

سودەکانی ژەهری دووپشک؟؟
رۆژ لەدوای رۆژ سوودەکانی ژەهری دووپشک لەپزیشکییدا زیاتر دەردەکەوێت، بەکارهێنانی زۆری بۆچارەسەری شێرپەنجەو نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، هەربۆیە گرتنی ژەهری دووپشک گرنگی تایبەتی هەیە. رژێنەی ژەهراوی دووپشک لە جومگەی کۆتایی کلکییدایە، جومگەکانی کلکی پێنجدانەیە، کۆتا جومکە رێژێنەی ژەهرە.

سەرەتا رێژێنە ژەهراوییە (جومگەی پێنجەم) جیادەکرێتەوەو بەجوانی دەشۆرێت، لەدواییدا بۆماوەی یەک مانگ لەنێو ئامێرە وشککەرەوەکاندا، بەتەواوەتی وشکدەکرێتەوە، لە دواییدا ورد دەکرێت لەگەڵ ئاوی پەتییدا تێکەڵ دەکرێت، شیکارەکە لەناو ئامێری سانتریفیوج دەخولێندرێتەوە بۆ ئەوەی شلەی هەڵگری ژەهر جیاببێتەوە.

فریاگوزرایی سەرەتایی کاتێک کەسێکتان دوپشک پێوەیدا-

1. لادانی دووپشک و کوشتنی.

2. هێنانە دەروەی پێوەدراو لەو شوێنە وە گواستنەوەی بۆ دەرەوە.

3. دیاریکردنی قەبارە و رەنگی دووپشکە.

4. دەستنیشانکردنی کاتی پێوەدان.
چارەسەری کەسی پێوەدراو:-

5. خاوێنکردنەوەی شوێنی پێوەدان بە ئاو و سابوون و مادەی پاک کەرەوە.

6. هێمنی پێوەدراو درێژکردنی و نەهێشتنی جوڵەی.

7. ساردکردنەوەی شوێنی پێوەدانەکە بە ئاوی سارد (سەهۆڵ).

8. رێگری لە شا دەمار (بەستنی سەرەوەی شوێنی پێوەدانەکە)، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە.

9. وەرگرتنی دامرکێنەر (مسکنات)، بۆ کەمکردنەوەی ئازار بە پێی پێویست.

10. گواستنەوەی پێوەدراو بۆ نەخۆشخانە.

ئەو هەڵانەی کە هەرگیز نابێت بکرێت لە کاتی پێوەدانی دوپشک:-

11. هەڵدرینی شوێنی پێوەدانەکە و بریندارکردنی.

12. بەستنەوەی شوێنی پێوەدانەکە.

13. بەکارهێنانی مادە وەک خەنە و گاز.

14. بەکارهێنانی مادەیی کیمایایی بێ راوێژکردنی دکتۆر.

هــ. ر


PM:02:42:07/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 27006 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو