له‌یه‌كه‌م ساتی‌ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سیاسییه‌كان چییان ووت؟

‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ سیاسی‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ بوو


وێستگه‌ نیوز-

رۆژی‌ 19/5/2017 نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ سیاسی‌ عێراق و ناوچه‌كه‌و رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ته‌مه‌نی‌ 73 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

وێستگه‌ نیوز، جارێكی‌ تر كورته‌ لێدوانه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد له‌یه‌كه‌م سایی‌ هه‌واڵی‌ كۆچی‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌.


د. فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق

"لەو ماوە دورودرێژەی پێكەوە كارمان كردوە لە مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) كاك نەوشیروان نمونەی هەڤاڵ و دۆستی بە ئەمەك بوە كە مایەی شانازیی بوە، لە عێراقی نوێشدا لە كاتی نوسینەوەی دەستوردا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوە كە جێی ستایشە، بۆیە ماڵئاوایكردنەكەی خەسارەتێكە هەموان بۆی پەرۆش و خەمبارین".

بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان:

بەبۆنەی كۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزیان و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم. لە خودای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق:

"بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانمان پێگەیشت، کە لەگەڵ گەلانی تری عێراق تێکۆشاوە لە دژی زوڵم و دکتاتۆریەت".

نیچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم

دەشڵێت "هیوادارم بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و لایه‌نگرانی‌ خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ خزمه‌تی‌ كوردستان و ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وام بن".

قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم

"كاك نەوشیروان سەركردەیەكی شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدارو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووس و كەسایەتییەكی دیاری گەلەكەمان بوو، تەواوی تەمەنی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و ڕۆڵ و پێگەیەكی گەورەی هەبووە لەگۆڕەپانی سیاسی سەردەمی شاخ و شاردا، هاوڕێ و برا و هاوخەباتی هەڤاڵ "مام جەلال" بوو، كۆچی دوایی ئەم سەركردەیە زیان و كەلێنێكی گەورەی دەبێت بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد".

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان د. یوسف محه‌مه‌د:

"به‌داخ و خه‌مێكی قوڵه‌وه‌، ئه‌مڕۆ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ركرده‌ و كاریزمایه‌كی گه‌وره‌ و یه‌كێك له‌ سیمبوله‌ كه‌م وێنه‌ و مه‌زنه‌كانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد كۆچی دوایی كرد".

رۆژ نوری‌ شاوه‌یس ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان:

"هاوخه‌می‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانين و ئه‌مڕۆ میلله‌تی‌ كورد قاره‌مانێكی‌ وه‌كو نه‌وشیروان مسته‌فای‌ له‌ده‌ستداوه‌".

سیروان بارزانی‌: 

"مردن نەریتێكی سرووشتیە و بۆ هەموو بونەوەرێكە، بەبۆنەی كۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پرسە و سەرەخۆشیم ئاراستەی بنەماڵە، دۆست و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم".


كاوه‌ مه‌حمود سكرتێری‌ حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان:

"كاك نوشیروان زۆربەی تەمەنی بۆ تێكۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان، لە خەباتی نهێنی و لە خەباتی شاخ و پاشانیش لە هەلومەرجە جۆراوجۆرەكانی هەرێم پاش راپەرین و دوای روخاندنی رژیمی دیكتاتوری لە عێراقدا، تەرخان كردبوو".

مه‌حمود سه‌نگاوی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان:

مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌شڵێت: "کاک نەوشیروان، شۆڕە سواری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ و سەرکردە و ڕێبەرێکی گەورەی هەڵکەوتوو لە بواری پێشمەرگایەتی و سیاسەت و رۆشنبیری بوو، کاک نەوشیروان بۆ زۆربەمان مامۆستا و سەرکردە و فێرکەری هەم سەردەمی شاخ و شاریشمان بوو".

مه‌لا كرێكار سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ شاخ:

 "نەوشیروان مستەفا سیاسەتمەدارانی خۆیان و ئەوانی تری فێری هەڵوێستی سەربەخۆی نیشتمانیانە کرد، زیندانە لاکۆڵانیەکانی فەزح کرد، ئازادی رۆژنامەگەریی داهێنا، شەفافیەتی کردە داخوازی گەل، و دەزگا رەسمییەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی خستە ژێر چاودێریی یاسایی و میدیایی و شەعبییەوە".

شاسوار  عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌:

 "ئەوانەی کە رەنگە خەیاڵ پڵاو بن و لە ژێرەوە دڵخۆش بن بە مەرگی نەوشیروان موستەفا ، ئەوا پاش ماوەیەکی تر بۆیان دەردەکەوێت کە نەوشیروان موستەفا چی بە جهێشتووە بۆ دوای خۆی" .


لاهور شێخ جه‌نگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێمی کوردستان :

"پێویستە رۆحی پاكی كاك نه‌وشیروان و دڵی مامی گه‌وره‌مان به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنامه‌ی ده‌باشان شاد بكه‌ین، و ته‌بایی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاووڵاتیان و چاككردنی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێم و ئاینده‌ی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌دیبهێنین".


عادل موراد سکرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ ناوەندی‌ یەکێتی‌:

" پابەند دەبن بە ڕێککەوتنی‌ نێوان گۆڕان و یەکێتی‌ تاوەکو گەیشتن بە یەکگرتنەوەی‌ یەکجارەکی‌ لەنێوان یەکێتی‌ و گۆڕاندا."

د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دادپه‌روه‌ری‌ و دیموكراسی‌:

"نەوشیروان مستەفا بەرجەستەبوونی خەباتی هاوچەرخی کوردایەتییە و ڕێبەرێکی گەورەبووە و کاریگەری لەسەر مێژوو و ئێستای کورد گەورەیە". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بۆ ئەو و هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بەشێكی گەورە بووە لە ژیانیان و مامۆستا و ڕێبەریان بووە.


سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری‌ گشتیی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامیی‌ کوردستان :

"کۆچی ئەم سەرکردە کاریگەرە لەم هەل و مەرجە هەستیارەدا بە خەسارەتێکی گەورە دەزانین و کەلێنێکی گەورەیە  لە بواری پرۆژەی چاکسازی و بە ئامانج گەیاندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان دا" .


فازیڵ به‌شاره‌تی‌، سه‌ركرده‌ی‌ پارتی‌ 

"نەوشیروان مستەفا پیاوێکی ماندوی رێگای کوردایەتی و پێشمەرگایەتیە".

مام رۆسته‌م 

"قه‌ت نه‌یده‌وت خراپم، ئه‌وه‌نده‌ خۆڕاگر بوو به‌رگه‌ی‌ هه‌موو ئازارێكی‌ ده‌گرت".

 عه‌لی‌ قه‌ره‌داغی‌، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ جیهانی‌ زانایانی‌ موسڵمان 

"له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردستان و عیراقیش له‌ پرسه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شداربوون، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاك نه‌وشیروان قورسایی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ش هه‌بووه‌، وا ده‌زانم پرسه‌كه‌ هۆكارێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی‌ رێكمان ده‌خات تا كوردستان بپارێزین له‌و پیلانانه‌ی‌ له‌ دژی‌ كوردستان داده‌نرێت".


PM:03:29:19/05/2018


ئه‌م بابه‌ته 4546 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو