بۆ هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار هیچ چاودێرێکی بیانی لە کەرکوک ناوی تۆمار نەکراوە
١٠ هەزار چاودێری ناوخۆیی لە کەرکوک چاودێری پرۆسەی دەنگدان دەکەن.. فۆتۆ: مەکتوب
وێستگه نیوز مه‌كتوب - كه‌ركوك
لە کاتێکدا ماوەی مۆڵەتپێدان بە چاودێری ناوخۆیی وبیانیی بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ کۆتایی هاتووە، بەڵام لە پارێزگای کەرکوک تا سێ رۆژ پێش پرۆسەی دەنگدان، هیچ چاودێرێکی بیانی ئامادە نەبووە ناو تۆمار بکات.
زۆربەی لایەنە بەشداربووەکانی ئەم پارێزگایە نایشارنەوە کە ترسیان هەیە بەهۆی نەبوونی چاودێری بیانییەوە، رێژەی ساختەکاریی زۆر بەرزبێ بە تایبەت لەو ناوچانەی کە هێشتا رەوشی ئەمنی تێیاندا جێگیر نییە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکوک کە تایبەت دراوەتە مەکتوب، کارت و ناسنامه‌ی مۆڵه‌تپێدان دراوەتە ١٠ هەزار چاودێری ناوخۆیی. لەم ژمارەیە هیچ چاودێرێکی بیانی تێدا نییە.
عەبدولباست دەروێش وتەبێژی نووسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن بۆ ماڵپەڕی مه‌كتوب وتی":كاتی تۆماركردنی ناوی چاودێری سندوقەکانی دەنگدان کۆتایی هاتووە، بۆیه ئه‌گه‌ر هەر کەسێک بیەوێ ناو تۆمار بکات‌دەبێ بچێته ده‌سته‌ی كۆمیسۆن له هه‌ولێر یان ئۆفیسی سه‌ره‌كی كۆمیسیۆن له به‌غدا."
دەروێش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد کە ئەوان ناتوانن هۆكاری نه‌هاتنی چاودێرانی بیانی بۆ كه‌ركوك باس بکەن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بە رەسمی بانگێشتی چاودێرە بیانییەکانیان کردووە تا بێن بە وردی چاودێری پرۆسەی دەنگدان بکەن.
بەڵام رزگار حاجی حه‌مه جێگری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کەرکوک بۆ مه‌كتوب وتی:" پێشبینی ده‌كه‌ین چاودێرانی بیانی بێنه پارێزگای كه‌ركوك و به‌شداربن لە چاودێریکردنی پرۆسه‌كه‌دا هه‌رچه‌ندە كاتی پێدانی مۆڵه‌تیش کۆتایی هاتبێ." بەڵام ئەو ئامادە نەبوو کاتی هاتنی ئەوان ئاشکرا بکات.
رزگار حاجی نەیشاردەوە گومان و مەترسی ساختەکاریی کە هەبوو، ئەوا له ناوچەکانی خوارووی كه‌ركوك بوو ئه‌ویش به‌هۆی ناجێگیریی دۆخی ئه‌منی ئەو ناوچانەوە بەڵام دەڵێ رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر بۆ رەواندنەوەی ئەو ترس گومانە.
لەگەڵ ئەوەی کە چاودێری بیانی ئامادە نەبوون بێنە کەرکوک، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە چاودێری ناوخۆیی لەچوارچێوە رێکخراوە ناحکومییەکان و قەوارە سیاسییەکانەوە ناویان تۆمار کردووە و ئامادەن لە رۆژی ١٢ی ئایاردا چاودێری سندوقەکانی دەنگدان بکەن.
سه‌باح مەناف به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگای هه‌ڵبژاردنی عێراقی ئازاد سەبارەت بە نەهاتنی چاودێرانی بیانیی، لە لێدوانێکدا بۆ مەکتوب روونیکردەوە " بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ده‌ره‌وه، تائێستا مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك ماوه. بۆیه ئاماده نین چاو‌دێر بنێرنە كه‌ركوك."
په‌یمانگای هه‌ڵبژاردنی عێراقی ئازاد، ساڵی ٢٠١٤ نزیکەی پەنجا چاودێری بیانی هێنابووە کەرکوک تا چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن. بەڵام ئەمساڵ هیچ چاودێرێک ئامادە نەبووە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
سەباح مەناف وتی: " ئێمە مه‌ترسی زۆرمان هەیە کە ئەمساڵ ساخته‌كاریی زۆر بکرێت، چونكه زۆرینه‌ی رێكخراو و چاودێره ناوخۆییه‌كان ئینتیمای حزبییان هه‌یه و ناتوانرێ چاودێرییەکی وردی هەڵبژاردن بکەن."
جوان حه‌سه‌ن سه‌رۆكی لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له كه‌ركوك بۆ مه‌كتوب وتی:" نه‌بوونی چاودێری بیانی به تایبه‌ت له‌م بارودۆخه نائاساییه‌ی كه‌ركوكدا، رێگه‌خۆشكه‌رده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ساخته‌كاری بكرێت. ده‌بوو كاربكرێت ئه‌مساڵ له چواری ساڵی رابردوو زیاتر چاودێری بیانی بهێنرایه‌ته پارێزگای كه‌ركوکەوە. خه‌ڵك به گشتی و به تایبه‌ت ده‌نگده‌ری كورد پێشبینی ساخته‌كاری ده‌كات ئه‌گه‌ر چاو‌دێر و رێكخراوی بیانی ئامادە نەبن".
رۆژی ١٢ ی ئایاری ٢٠١٨ هه‌ڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی عێراق به‌ڕێوه دەچێ لە سەرتاسەری عێراقدا ٢٤ ملیۆن‌و ٤٠٠ هه‌زار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، ژماره‌ی ده‌نگده‌رانیش له‌پارێزگای كه‌ركوك ٩٥٢ هه‌زار کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ‌هەڵبژاردنی ١٢ نوێنەری پارێزگاکەیان.
PM:04:19:10/05/2018
ئه‌م بابه‌ته 3812
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت