چیرۆكی گه‌وره‌ترین قوربانیدان به منداڵ له مێژودا
روفاتی منداڵەکان
وێستگه نیوزـ
شوێنه‌وارناسان روفاتی 140 منداڵیان له‌یه‌ك شوێندا دۆزییه‌وه كه باوه‌ڕوایه چیرۆكی گه‌وره‌ترین قوربانیدانی منداڵ بێت له مێژوودا.
روفاتی ئه‌و منداڵانه له شاری ترۆخیلۆ كه‌نار ئاوی باكوری پیرۆ دۆزراوه‌ته‌وه كه پێشتر ناوه‌ندی شارستانیی چیمۆ-ی كۆن بووه و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 550 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌و شوێنه‌دا پاشماوه‌ی 200 ئاژه‌ڵی جۆری لاما له ته‌نیشت منداڵه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه و ده‌وترێت كه له‌وانه‌یه ئه‌و منداڵ و ئاژه‌ڵانه له نه‌ریتێكدا كرابێته قوربانی.
پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی ناوچه‌كه به پشتیوانیی كۆمه‌ڵه‌ی ناشناڵ جیۆگرافیك ئه‌نجامدراوه كه دوایین زانیاریی سه‌باره‌ت به‌و قوربانیدانه له راپۆرتێكدا پێگه‌ی خۆی بڵاوكردوه‌ته‌وه و یه‌كێك له گه‌وره توێژه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌ناوی جۆن فیرانۆ وتویه‌تی: "هه‌رگیز پێشبینیی ئه‌مه‌م نه‌ده‌كرد، له پێشبینیی كه‌سیشدا نه‌بووه".
كۆمه‌ڵه‌ی ناشناڵ جیۆگرافیك له راپۆرته‌كه‌یدا ئاشكرایكردوه كه به‌گشتی ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵانه له‌نێوان 5-14 ساڵیدایه و زۆربه‌شیان ته‌مه‌نیان له 8 ساڵ بۆ 12 ساڵ بووه.
توێژه‌كان به‌وه‌دا ده‌ڵێن ئه‌و منداڵانه كراونه‌ته قوربانی، چونكه ئاسه‌واری شكاوی له ئێسقانیاندا به‌دیكراوه به‌تایبه‌ت قه‌فه‌زه‌ی سنگ و په‌راسوو، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه دڵی ئه‌و منداڵانه ده‌رهێنراوه.
راپۆرته‌كه باسی له‌وه‌شكردوه كه له‌شی منداڵه‌كان مادده‌یه‌كی ره‌نگ كاڵی لێ دراوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌كارهێنانی ئه‌و مادده‌یه به‌شێك بووه له نه‌ریت و سروته‌كانیان، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه كراونه‌ته قوربانی و به‌ره‌ورووی خۆرهه‌ڵات به ئاراسته‌ی چیاكانی ئیندێز خراونه‌ته‌ژێر خاكه‌وه.
گابرێل بریتۆ، یه‌كێكه له گه‌وره توێژه‌ره‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه و ده‌ڵێت: "هه‌ركه‌سێك ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه ده‌بیستێت، یه‌كه‌م پرسیار كه به مێشكی‌دا بێت ئه‌وه‌یه: بۆچی ئه‌م منداڵانه كراونه‌ته قوربانی؟"
توێژه‌كان له‌كاتی پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندندا تێبینیی بوونی چه‌ند چینێك له قوڕیان كردوه كه قوربانییه‌كان له‌ناویاندا به‌خاكسپێردراون، له‌و باوه‌ڕه‌شدان كه ئه‌مه به‌هۆی لێزمه‌باران و لافاو بوبێت له‌و ناوچه‌یه كه پێشتر به ناوچه‌یه‌كی وشك و بێ ئاو ناسرابوو.
هاگن كڵاوس، یه‌كێك له پسپۆڕه‌كانی بواری شوێنه‌وارناسی ده‌ڵێت كه ره‌نگه هۆز و خێڵه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ رێگرتن له دروستبونی لافاو و لێزه‌مه‌باران، ئه‌و منداڵانه‌یان كردبێته قوربانی، ئه‌وه‌ش دوای به‌قوربانیكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نج و هه‌رزه‌كار كه گوایه سودی له كه‌مكردنه‌وه‌ی لافاو و بارانه‌كه‌دا نه‌بووه، بۆیه وتویانه به‌ڵكو ئه‌مجاره به قوربانیكردنی منداڵ دۆخه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.
به‌به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای كاربۆنی تیشكده‌ر، توێژه‌ره‌كان بۆیان ده‌كردووه كه ره‌نگه ئه‌و پرۆسه‌یه و قوربانیدان به‌و منداڵانه له نێوان ساڵانی 1400 بۆ 1450ی زایینی ئه‌نجامدرابێت.
له شارستانیی چیمۆ-ی كۆندا، خه‌ڵك مانگیان په‌رستووه و دواتر شارستانیه‌تی ئه‌لینكا به‌سه‌ریاندا زاڵ بووه، دوای 50 ساڵیش له‌و شارستانیه‌ته ئه‌مریكا باشور كه‌وته‌به‌ر شاڵاوی داگیركردنی ئیسپانیا.
PM:09:18:30/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 11960
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت