حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌میانی بانگه‌شه‌كردن بۆ لیسته‌كه‌ی له شاری سلێمانی رایگه‌یاند كه عیراق وڵاتی هه‌موانه و جیاوازی له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب نییه.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، باسی له كێشه‌ی جوتیاران كرد و رایگه‌یاند كه پاره‌ی جوتیارانیان خه‌رج كردوه و به‌ڵێنیشی دا كه ئه‌و كێشانه‌ی له‌و پرسه‌دا ماوه، چاره‌سه‌ری بكات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا حه‌یده‌ر عه‌بادی باسی له رۆڵی پێشمه‌رگه له تێكشكاندنی داعش كرد و ستایشی قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عیراقییه‌كانی كرد له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
وتیشی وه‌ك به‌ڵێنماندا له ساڵی 2017 كۆتاییمان به داعش هێنا و ئه‌مڕۆش ده‌مانه‌وێت هه‌موو عیراقییه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه و هیچ جیاوازییه‌ك نییه له‌نێوان عیراقییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فی و نه‌ته‌وه‌یی.
سەرۆکی لیستی نەسر راشیگەیاند: ئێمه وڵاتی زوڵم و سته‌ممان ناوێ و وڵاتی داد و دادپه‌روه‌ریمان ده‌وێت، بۆیه دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه وڵات ئاوه‌دان ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌رگای وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ینه‌وه و به‌ده‌یان هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنین و جیاوازی له‌نێوان هیچ كه‌سێكدا ناكه‌ین.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، وتیشی كه هێشتا گه‌نده‌ڵكاران ماون و ده‌یانه‌وێت سه‌نگ دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت بنبڕیان بكه‌ین و هه‌موو دینارێكی عیراقی بۆ عیراقییه‌كان بێت.
شه‌وی چوارشه‌ممه 25ی نیسانی 2018، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی لیستی نه‌سر و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق گه‌یشته شاری سلێمانی.
په‌یامنێری وێستگه نیوز له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه رایگه‌یاند كه كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی لیستی نه‌سر و سه‌رۆكی وه‌زیرانی عیراق له رێی فڕۆكه‌خانه‌وه‌ی گه‌یشته شاری سلێمانی و له فڕۆكه‌خانه‌وه به‌ره‌و شاری جوان بەرێکەوت.
پێشتر ئیبراهیم ره‌شید، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر له سلێمانی به وێستگه نیوزی راگه‌یاند كه وا بڕیاره ئێواره‌ی سبه‌ینێ له هۆتێل گراند میلینیۆم، هاوپه‌یمانی نه‌سر له شاری سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانییه‌كه و كاندیدانیان، ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ریی ساز بكه‌ن.
وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر له پارێزگای سلێمانی به وێستگه نیوزی وت: "سبه‌ینێ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات سه‌ره‌تا دێته شاری سلێمانی، پاشان ده‌چێته هه‌ولێر و دهۆك"، وتیشی: "مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ش بۆ به‌شداریكردنه له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و بینینی كاندیده‌كانی و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی".
بۆ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی نه‌سر ده‌كات، له هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند كاندیدێكی هه‌یه.
PM:11:40:25/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 11596
جار خوێنراوه‌ته‌وه