حه‌یده‌ر عه‌بادی گه‌یشته‌ سلێمانی

‌حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كە هاوكات سەرۆكی حكومەتی عیراقیشە گەیشتە شاری سلێمانی و بەرەو هۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێكەوت.

پەیامنێری وێستگە نیوز لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، كاتژمێر 11ی شەوی 25ی نیسان حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەیشتە شاری سلێمانی، لەفڕۆكەخانەش لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازی لێكرا، دواتریش بەرەو هۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێكەوت بۆ راگەیاندنی لیستی لەسلێمانی.

پێشتر ئیبراهیم رەشید، وتەبێژ و كاندیدی هاوپەیمانی نەسر لە سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاندبوو، ئێوارەی 25ی نیسان حەیدەر عەبادی دەگاتە شاری سلێمانی و كاتژمێر 7ی شەو مەراسیمی راگەیاندنی لیستەكەی لە هۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی عەبادی پاشنیوەڕۆی 25ی نیسان لەشاری موسڵ بوو، بۆ ماوەی نزیكەی شەش كاتژمێر، گەیشتنی بۆ سلێمانی دواكەوت.

بڕیاریشە سبەی پێنجشەممە حەیدەر عەبادی سەردانی هەولێر و پاشان دهۆكیش بكات بۆ راگەیاندنی لیستەكەی.

بۆ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی نه‌سر ده‌كات، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند كاندیدێكی هه‌یه‌.


PM:10:48:25/04/2018












ئه‌م بابه‌ته 4956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو