مه‌سرور بارزانی: له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئاینده‌ی‌ عیراق ده‌كه‌ین


وێستگه‌ نیوز –
راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان.


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22/4/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو جوانه‌ لاونس باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا له‌ عیراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌م دیداره‌دا، كه‌ هه‌ڤاڵ ده‌سكۆ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئوسترالیا ئاماده‌ بوو، بیروڕا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا و پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عیراق تاوتوكرا.

راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خاتوو جوانه‌ لاونس له‌ پۆسته‌ نوێكه‌یدا خواست و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ئه‌و پاڵپشتی و هاوكاریانه‌ی ئوسترالیا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعشدا پێشكه‌شی كردووه‌.

په‌یوه‌ند به‌ ‌ پرۆسه‌ی سیاسی و میكانیزم و ئاسته‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عیراق، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق بۆ سه‌ر رێگه‌ی دروست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ رێز له‌ داخوازی و مافی گشت پێكهاته‌كانی عیراق بگیردرێت و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌.

 مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ "هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان".

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئوسترالیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرنگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری له‌ فراوانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات.

خۆرێكخستنه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی هێرش و په‌لاماره‌كانی پاشماوه‌ی تیرۆریستان له‌ چه‌ند ناوچه‌ و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ره‌وشی ئاسایش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاربووه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.


PM:05:59:22/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو