سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە: شاشە و شەقام بۆنی درۆی لێ‌ دێت

‌ئاری عەبدوللەتیف

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پاش دەیان ئەزموونی سەقەت و شكستخواردوو، تازە بە تازە لە پێناو كۆكردنەوەی دەنگ بۆ خۆیان، هەندێك جەماعەت و بازرگان و حزب، شاشە و شەقام دەكەن بە تریبۆنی هاشوهوش.

ئاری عەبدوللەتیف، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بەناوی (متمانە بە هاشوهوش دروست نابێت، شاشە و شەقام بۆنی درۆی لێ‌ دێت) كە وێنەی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایگەیاندووە، پاش دەیان ئەزموونی سەقەت و شكستخواردوو، تازە بە تازە لە پێناو كۆكردنەوەی دەنگ و گەڕانەوەی متمانەی خەڵكی كوردستان بۆ خۆیان، هەندێك جەماعەت و بازرگان و حزب، شاشە و شەقام دەكەن بە تریبۆنی هاشوهوش و مێشكی خەڵك هەزاربارە پڕ دەكەنەوە لە درۆ و دەلەسە و وتار و شیعاری پوچ.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سەیركەن چ گەمژەیی و بە كۆیلەكردنێكە ئەم دەورانی سیاسەت و بەلاڕێدابردنە، دەیان ساڵە لە پەرلەمان و حكومەتدان و كەچی دەڵێن ئیتر بەسە و كاتیەتی، دەڵێن دەیگۆڕین، دەڵێن بڕیارماندا، دەڵێن ڕۆژی تۆڵەیە".

ئاری عەبدوللەتیف روونیكردۆتەوە "فەوزەوییەكان بۆ ئاوی لێڵ دەگەڕێن و دەیانەوێت وەك پاڵەوانی بەردەم مایك و جەماوەرێكی داماو، خۆیان بكەن بە فریشتە، كەچی خەڵك نازانن هەموویان نزیك بە دەسەڵات بوون و ئەگەر پارتی و یەكێتی گەندەڵ بووبن، ئەوە ئەوانیش فرێندگەندەڵ بوون، سەیركەن چۆن بە هەموو شێوازێك لە بەهەدەردان بە پەڕۆ و پیتاڵ و خەرجكردنی سەدان ملیۆن دۆلار و دینار بۆ پڕوپاگەندە دیسانەوە هەندێك كوێرەمێروو دەیانەوێت خەڵگ بگەمژێنن".

سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە وتوشیەتی "بۆیە دەڵێم خەڵكی كوردستان دەبێت شتی لەبیر نەچێتەوە و هەموو ساتەوەختێك لە هەڵبژاردندا نەخۆش نەكەوێت و نەبێتەوە بە مەسخەرەی مایەپوچانی كایەی سیاسەت و حكومڕانیی، دەبێت خەڵكی كوردستان یان ڕەزیلیان بكات و شەرەفیان بشكێنێت یان چیتر نەكەونەوە ناو داوە زەخرەفەكانیان، چونكە ئەوان هەموو ڕۆژێك بە مۆدێل و ستایلێكی نوێ‌ لە بانگەشە و شیعاری موزەییەف و تڕۆهات خۆیان نمایش دەكەن".

بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكرێت و لە رۆژی 14ی نیسانیش بانگەشە دەستی پێكردووە.


PM:09:04:20/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو