پۆلیسی توركیا 21 چالاكوانی سیاسی ده‌ستگیركرد


وێستگه‌ نیوز -
هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ توركیا له‌ ئۆپراسیۆنێكدا له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری ئیستانبوڵ 21 چالاكوانی سیاسییان ده‌ستگیركرد.


ئاژانسی فورات نیوزی نزیك له‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان "په‌كه‌كه‌" بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمانڕه‌وا "ئاكه‌په‌" و پارتی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ توركیا "مه‌هه‌په‌" بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیان له‌ توركیا دا، "ئۆپه‌راسیۆنی گرتن و قڕكردنی سیاسی" له‌ توركیا زۆرتر ده‌بێت.

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: "له‌ به‌رده‌وامی سیاسه‌تی قڕكردنی سیاسی حكومه‌تی توركیا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ ئۆپراسیۆنێكدا له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری ئیستانبوڵ، پۆلیس هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ماڵی چالاكانی سیاسی و له‌ ئه‌نجامدا 21 چالاكی سیاسی ده‌ستگیركران".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ی‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون چالاكی رێكخراوێكی گه‌نجان بوون.

پێشتر پۆلیسی توركیا له‌ شاره‌كانی وان له‌ باكوری كوردستان و چه‌ند شارێكی تری توركیا به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌نگری هه‌ده‌په‌ی ده‌ستگیركرد كه‌ پارتێكی نزیك له‌ كورده‌ له‌ توركیا.

رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ توركیا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت و رۆژی‌ پێشتریش باری‌ نائاساییان له‌و وڵاته‌دا بۆ ماوه‌ی‌ سێ مانگ درێژكرده‌وه‌.


PM:02:52:20/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو